وەزارەتی ئیتلاعات لاوێکی سەڵماسی دەستبەسەر کرد

15:47 - 30 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی ١٩ ساڵەی کورد لەلایەن هێزی ئەمنییەتی پارێزگای ورمێ لەناو ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، خەلیل فەزڵی کوڕی هاشم لە شاری سەڵماس دەستبەسەر و تاکوو ئێستا لە شوێنێکی نادیار ڕاگیراوە.

دەستبەسەرکرانی ئەو لاوە ١٩ ساڵەیە بەبێ مۆڵەتی دەزگای دادوەریی و لەلایەن هێزی ستادی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە.

یەکێک لە خزمانی خەلیل لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵدەریی کوردپای وت: تاکوو ئێستا چارەنووسی ناوبراو ناروونە.

ئەو سەرچاوەیە لەبارەی هۆکاری گیرانی ناوبراو وتی: خەلیل بە منداڵی باوکی لەدەستداوە و بۆیە کەوتووەتە کاروکاسبی و دابین کردنی بژێوی بنەماڵەکەی و بۆ ئەم مەبەستەش ڕووی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و شاری سلێمانی کردووە و چەند مانگێک وەک کرێکاری بینا ناتەواوەکان ماوەتەوە.

خەلیل ماوەیەک لەمەو پێش گەڕابوویەوە بۆ نێو بنەماڵەکەی لە سەڵماس.

نەبوونی هەلی کار، نەبوونی سەرمایەی دەوڵەتی و خراپی بەڕێوەبەری پێکهاتەیی لە پارێزگای ورمێ ئەم پارێزگایەی تووشی دەیان هەزار لاوی بێکار کردووە کە زۆرێک لەوانە بە ڕێگای یاسایی دەچنە هەرێمی کوردستان بۆ کرێکاری.

هەربەپێی یاسای دادرەسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو دەستبەسەرکردنە نایاساییە بەڵام دەزگا ئەمنی ـ دادوەرییەکان سەرەکیترین پێشێلکەرانی مافی هاووڵاتی بوون دێنە ئەژمار.