وەزارەتی ئیتلاعات ٢ لاوی کوردی لە مەهاباد دەستبەسەر کرد

21:43 - 12 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری مەهاباد لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی جۆزەردان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری مەهاباد دوو لاوی کوردیان بە ناوەکانی ئارام محەمەدخان کوڕی محەمەدخان و سەید عەلی پوورمستەفا ئەقدەمکوڕی سەید رەحمان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنیری کوردپا لە شاری مەهاباد وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایەگایدند: ئەم دوو لاوە کوردە تەمەنیان ٢٤ و ٢٥ ساڵ بووە، کەلە بازاڕی تاناکۆرای شاری مەهاباد دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراون.

\"20305.jpg\"
بازاڕی تاناکۆرای شاری مەهاباد
بەپێی راپۆرتەکە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کرانی ئەو دوو لاوە کوردەدا هەوڵی دەستبەسەر کردنی حوسێن پوورمستەفا، برای سەید عەلی‌یان داوە، بەڵام نەیانتوانیوە ئەو لاوە کوردە دەستبەسەر بکەن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوینی راگیرانی ئەو دوو لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری مەهاباد و دەوروبەری، دەستی پێکردووە.

رۆژی ٢٧ی بانەمەڕ وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بڵاو کردنەوەی راگەیاندراوێک، باسی لە شناسایی و دەستبەسەر کردنی چەند کەسێک کردبوو، کە بە گوتەی خۆیان \"دەستیان لە تەقینەوەکەی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی شاری مەهاباد\"دا هەبووە، وتەیەک کە زۆربەی چالاکانی سیاسی و حیزبە کوردییەکان بە سیناریۆی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم ئەدەن.