وەزارەتی ئیتلاعات تەقەکردن لە ماشینی پرایدی لە بۆکان پشتڕاست کردەوە

14:32 - 25 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، تەقەی هێزەکانی ئەم وەزارەتەی لە مسافیرانی ماشینی پراید، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆگجەلی و موشیرئاوا\" سەر بە شاری بۆکان پشتڕاست کردەوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، لەو هەواڵەدا باسیان لەوە کردووە، کە مسافیرانی ئەو ماشینە لە ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران بوون و ڕایگەیاندووە: \"سەربازانی گومناوی ئیمام زەمان لە ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ بە وەدەستخستنی زانیاری و شارەزایی، دوو تیمی دژی ئینقلابی چەکداریان ناسیووە و لە دوو قۆناغدا بە هاوکاریی ئەندامانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا، ئەو دوو تیمەیان لەنێو بردووە\".

پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو هەواڵەدا پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات، \"کە لەو ئۆپراسیۆنەدا، دوو کەس لە ئەندامانی دژی ئینقلاب کوژراون و چەند کەسی دیکەش لەگەڵ چەندین قەبزە چەکوچۆڵ، نارنجەک و کەرەستەی دیکە دەسبەسەر کراون و ئەم تیمە تێرۆریستییە بە پشتیوانی و هاندانی هێندێک لە وڵاتان بۆ کاری خرابکارانە و تێرۆریستییانە هاتوونەتە نێو خاکی ئێرانەوە\".

شەوی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هێزە حکوومەتییەکان، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆگجەلی\" و \"موشیرئاوا\"ی شاری بۆکان، تەقەیان لە ماشینێکی پراید کردووە و یەکێک لە مسافیرانی ئەو ماشینە بە ناوی \"هەژار ڕەزایی\" کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی گوندی \"قەڵای هەلاکۆ\" گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە چارەنووسی ئەو مسافیرانەی دیکە کە لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێ کراوە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و تەرمی \"هەژار ڕەزاییـ\"ـش بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواو ڕاگوێزراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕ، ماڵپەڕی کوردستان میدیا زمانحاڵی حدکا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی \"هەژار ڕەزایی\" ڕایگەیاند: \"ئێوارەی ٢١ی پووشپەڕ هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە ناوچەی ئاڵەشین و لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆگجەلی و موشیرئاوا\" لە چەند کیلۆمێتری شاری میاندواو تەقەیان لە ماشینێک کردووە و لە ئاکامدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی هەژار ڕەزایی گیانی لە دەست داوە\".