وەزارەتی ئیتلاعات بە گواستنەوەی والی درودی بۆ زیندانی کراوە دژایەتی نیشان دا

15:37 - 21 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە دێرینترین زیندانیانی سیاسی کورد بۆ بەندی سیاسی زیندانی یەزد گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، والی درودی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی شاری یەزد لە زیندانی کراوەوە بۆ زیندانی داخراو راگوێزرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە لە فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی:\"لە گواستنەوەی من بۆ زیندانی کراوە پەشیمان بوونەتەوە\".

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕادەگەیەنێت:\" ئەو هەوڵە لە سەر بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات دراوە\".

والی درودی پاش بانگهێشت کردن بۆ زیندانی شاری یەزد، بۆ بەندی سیاسی ئەو زیندانە گوازرایەوە.

زیندانی \"کراوە\" بە زیندانێک دەوترێ، کە تاکی زیندانی بەبێ پاراستن و مەئمووری چاوەدێری ماوەی زیندانییەکەی خۆی لەوێدا خەرێکی کارە و مافی چوونە دەرەوەی زیندانی نییە و شەوانە لە نزیکترین شوێنێک کە بۆی دیاری کراوە دەحەوێتەوە.

زیندانی \"داخراو\" بە زیندانێک دەڵێن: کە چوار دەوری بە بۆرجی نیگەهبانی لە دەرەوە و ناوەوە گیراوە، لەو جۆرە زیندانەدا، زیندانیان شەوانە لە شوێنی حەوانەی تایبەت یان گرووپەکان ڕادەگیرێن.

پاش داوا بەردەوامەکانی والی درودی و بنەماڵەی بۆ بەدواداچوونی حوکمەکەی، لە ئاکامدا کۆمیسیونی لێبوردنی دەزگای قەزایی بە کەم کردنەوەی حوکمی زیندانی والی درودی ڕەزامەندی دەربڕی.

والی درودی پاش ١٨ ساڵ زیندانی لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٣ هەشت ڕۆژ مورخەسی پێدرا.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە کوردە خەڵکی گوندی \"چرۆسانە\"ی سەر بە شاری کامیاران، یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.