وەزارەتی ئیتلاعات باسی لە دەستبەسەرکردنی دوو هاووڵاتی لە کوردستان کرد

15:31 - 17 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی سەقز و سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی کوردی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاندووە: \"یەکێک لە گرووپە تێرۆریستەکان لە هەوڵێکی نەزۆکدا، بە نارنجەک هێرشیان کردووەتە سەر پولیسی ئاگاییی شاری سەقز و هێزە ئینتزامییەکان هیچ زیانێکیان بەر نەکەوتووە\".

ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، شوناسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە ناوەکانی \"هوشمەند عەلیپوور\"، خەڵکی شاری سەردەشت و \"محەممەد ئوستاد قادر\"، خەڵکی شاری سەقز ڕاگەیاندووە.

ئەو ماڵپەڕانە ئیدعای ئەوە دەکەن، کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ئەندامی \"پارتی ئازاد کوردستان\" (پاک) بوون.

وەزارەتی ئیتلاعات لە درێژەی بەیاننامەیەکدا دەڵێت: \"سەربازانی گومناو لە ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی کوردستان و خووزستان وێڕای دەسبەسەرکردنی شەش کەس لە ئەندامانی ئەو گرووپە تێرۆریستییانە، توانیویانە دەست بەسەر ٧ قەبزە چەکی کڵاشینکۆف، سێ قەبزە چەکی یووزی، ١٧ قەبزە کوڵت، ٨ دانە نارنجەک، دووربینی شەو، هەروەها هێندێک کەرەستەی تەقەمەنیی دیکەدا بگرن\".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، پارتی ئازادی کوردستان، لە هەمبەر بەیاننامەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، هیچ دژکردەوەیەکی نیشان نەداوە.

شایانی باسە، پارتی ئازادی کوردستان لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، یەکەمین کۆنگرەی خۆیان گرتووە و ئامانجی ئەو پارتە\"دامەزراندنی کۆماری کوردستانە\".