وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، ناسنامەی زیندانییەکی کوردی گۆڕیوە

21:23 - 8 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران، ناسنامەی زیندانییەکی کوردی بە ناوی \"مەریوان عەبدولکەریم ڕەزا\" گۆڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەریوان عەبدولکەریم ڕەزا لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا لەدایک بووە و خەڵکی یەکێک لە شارەکانی کوردستانی عێڕاقە کە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بە مەبەستی کۆچ کردن بۆ ئورووپا، لە وڵاتی تورکییەوە بەرەو ئێران هاتووە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و ماوەی ٣٣ ساڵ و سێ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاندووە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، ناسنامەی ناوبراوی بۆ \"نەجەف عەبدولڕەحمان\" گۆڕیوە، تاکوو بنەماڵەی ناوبراو نەتوانن خوازیاری گۆڕینەوەی کوڕەکەیان بن لەگەڵ زیندانیانی ئێرانی کە لە وڵاتی عێراقدا زیندانی کراون.

ناوبراو باوک و مامی لە کوشتاری بەکۆمەڵی ساڵی ١٩٨٨ دا، کە بە ئەنفال ناو دەبرێت لەدەست داوە و دایکیشی بە هۆی نەخۆشینەوە لە ساڵی ١٩٩٥دا گیانی لەدەست داوە. مەریوان عەبدولکەریم ڕەزا لە ساڵی ٢٠٠٤دا بەرەو ئێران کۆچی کردووە، بەڵام بە هۆی کەمیی پارەوە ناتوانێت بەرەو ئورووپا کۆچ بکات و بە ناچار لە تاران جێگر دەبێت و بۆ بژیوی ژیانی خۆی سەرقاڵ بەکار دەبێت، تاکوو لە ڕۆژی ٣٠ی نوامبری ساڵی ٢٠١٢دا لە لایەن هیزە ئەمنیەتییەکانی سەر بە حکوومەتی ئێران بە تۆمەتی نیشتەجێ بوونی نایاسایی لە ئێران قۆڵبەست و پاش ٢٤ کاتژمێر بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین دەگوازرێتەوە. ناوبراو ماوەی ٧مانگ لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری جەستەیی و دەروونی زۆردا دەبێت و پاشان بۆ زیندانی ئەمنیەتیی مەیدانی نەوتی کرماشان و دواجاریش بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دەگوازرێتەوە.

ناوبراو لەو ماوەیەدا لەبوونی پارێزەری داکۆکیکار بێبەش کراوە و داواکارییەکانی بۆ ئاگادار کردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتی عێراق و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێ‌وەڵام ماوەتەوە.

مەریوان عەبدولکەریم ڕەزا لە لایەن قازی \"مقیسە\" و بە نهێنی دادگایی کراوە. دوای تێپەڕاندنی چوار ساڵ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێراندا، بەپێی یاسای سزای کەڵەکەبوو، حوکمی ناوبراویان بە ٧ساڵ و نیو بڕیوەتەوە.