وەزارەتی فەرهەنگ، مۆڵەتی نمایش کردنی بە بەرهەمی سینەماکارێکی کورد نەدا

16:50 - 29 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، مۆڵەتی نمایش کردنی بە بەرهەمی سینەماکارێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ نەدا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمی چاوەڕێ لەنووسین و دەرهێنانی هێمن ئالانی، کە باس لە بەسەرهاتی تراژیکی کەسانێک دەکات، کە لەبری وەرگرتنی پارە و لە جێگەی کەسانی \"قاچاخچی\" زیندانی دەکێشن، سەرەڕای تێچوویەکی ماڵیی زۆر بۆ ئەو سینەماکارە کوردە، مۆڵەتی نمایش کردنی پێنەدرا.

هێمن ئالانی لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە کاتێکدا مۆڵەتی نمایش کردن بە فیلمی چاوەڕێ نەدرا، کە بە مۆڵەتی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد کاری وێنەگرییەکەیم دەست پێکردووە و ناوەڕاست مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ و پاش ٤ مانگ کاری وینەگرییەکەی تەواو بوو.

ئەو هونەرمەندە گوتیشی؛ لە رۆژانی رابردوودا بانگهێشتی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد کرام و پێیان گوتم کە تەنیا لە حاڵەتێکدا مۆڵەتی نمایش کردنی فیلمەکەت پێ ئەدرێت، کە کۆتایی فیلمەکە بگۆڕم و رۆڵی پۆلیسی تێدا بەرجەستە بکەمەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رەزامەندیم لەگەل ئەو داوایە دەر نەبڕی، مۆڵەتی نمایش کردنیم پێ نەدرا.

ئالانی دەشڵێت؛ فیلمی چاوەڕێ، ماوەکەی ٤٠ خولەکە و ١٣ کەس وەکوو ئەکتەر تیایدا رۆڵیان بینوە، باس لەوە کەسانە دەکات کە بە کڕی و لەبری کەسانی دیکە دەچنە زیندان، کە ئەم دیاردەیە بەداخەوە لە نێو کۆمەڵگەدا بۆتە جۆرێک کاسپی و لاوانی ئەم وڵاتە بەهۆی بێکارییەوە بنەماڵەکەیان بەجێ دیڵن و دەچنە نێو زیندان، کە پاشهاتی نەرێنیی لێدەکەوێتەوە\".

هێمن ئالانی پێشتریش دوو كورتە فیلمی بەناوەكانی \"رندۆڵە و خورینج\"  و فیلمێکی دیکەی یەک کاتژمێری لەسەر رووداوی قوتابخانەی شیناوێ و ژیانی کچە قوتابییەکانی دوای ئەو رووداوە بەرهەم هێناوە.
\"21619.jpg\"

\"21621.jpg\"