وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەمەڕ ئیعدامی یەکێک لە هاوڵاتییەکانی لێکۆڵینەوە دەکات

20:36 - 11 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی ئێرانی - ئامریکایی کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ٤ی نۆڤامبری ٢٠١٥ ئێعدام کرا و ئامریکاش بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، حەمید سەمیعی هاووڵاتیی ئێرانی _ئامریکایی، بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەکی ئێرانی، ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کرا.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ئێعدام کردنی حەمید سەمیعی‏دایە.

هەواڵدەرییەکان بڵاویان کردەوە کە دەوڵەتی ئامریکا لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبردا بەو هەواڵەی زانیوە و لە ڕێگای باڵوێزی سوویسەوە کە بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە ئێران دەپارێزێ، بە حکوومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتییە ڕابگرن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند، دەوڵەتی ئامریکا ناتوانێ باوەڕ بەو هەواڵە بکات و لە ڕێگای باڵوێزی سوویسەوە لە ئێران، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو هەواڵە.

حەمید سەمیعی لە ساڵی ١٣٨٧دا، لە لایەن لقی ٧١ی دادگای کەیفەرییەوە تاوانبار کرا بە کوشتنی هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی \"بێهروز جان محەممەدی\" دانیشتووی ئەیالەتی کالیفۆرنیای ئامریکا و بە ئێعدام مەحکووم کرا.