وەرگەڕانی تەراکتۆر گیانی کچێکی لاوی ئەستاند

16:06 - 10 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی وەرگەڕانی تەراکتورێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ، کچێکی لاو گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، کچێکی لاو تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی گوندی\"ژارئاو\"ی ناوچەی دزەی دۆڵی شاری ورمێ، لە کاتی کاری کشتوکاڵیدا بە هۆی وەرگەڕانی تەراکتۆر گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کچە بە ناوی \"شیوا نەعمانی\" تەمەن ١٨ ساڵ راگەیەندراوە.
لەو ڕووداوەدا، شۆفێری تەراکتۆرەکەش کە دەبێتە باوکی ئەو کچە لاوە، بە سەختی بریندار بووە.

دەوترێ، وەرگەڕانی ئەو تەراکتۆرە بە هۆی پچڕانی ئستۆپی\"ترمرز\"ی تەراکتۆرەکە و کونتڕۆڵ نەکردنی تەراکتۆرەکە لە لایەن شۆفێرەکە بووە، کە گیان لەدەستدانی ئەو کچە لاوەی لێ کەوتووەتەوە.