وەرگرتنی پارە قوتابخانەکانی شاری "نەوسوود"یشی گرتەوە

15:47 - 10 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەگەڵ دەستپێکی کرانەوەی قوتابخانەکان، لە لایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی نەوسوودەوە، داوای پارە لەقوتابیانی ئەو شارە کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەی سەرەتایی \"زەینەب\" لەشاری نەوسوود لە سەر بڕیاری ئیدارەی پەروەردە بەقوتابیان و بنەماڵەکانیان وتووە، دەبێ‌هەر کامەیان بڕە پارەیەک بە قوتابخانەکانیان بدەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پارەیە بە بیانووی دامەزراندنی سیستمی \"قوتابخانەی هوشمەند\" لە قوتابیان دەستێندرێ‌.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەروو، لێپرسروانی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کرماشان ماوەی چەند ساڵە لە بیری دامەزراندنی ئەو سیستمە دان، بەڵام بڕیار نەبوو تێچووی ئەو سیستمە لە قوتابیان وەربگیردرێ‌.

شارەزایان لەو باوەڕەدان دامەزراندنی سیستمی هوشمەند قوتابخانەکان بەرەو کەرتی تایبەت دەبات و وای لێ‌دێت کە بە بەردەوامی پارە لەقوتابیان وەربگیرێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەند رۆژ لەمەوبەریش لەقوتابخانەکانی شاری مەهاباد لە سەر بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە قوتابیان راگەیەندرابوو: \"دەبێ ‌هەر قوتابییەک بڕی ٢٥٠هەزار تمەن پارە بە قوتابخانەکانیان بدەن\".

بەرپرسانی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد وەرگرتنی ئەو پارەیەیان گەڕاندبوویەوە بۆ دابین کردنی کەلوپەلی خوێندن و سیستمی گەرمایی.

ساڵی رابردووش لە شارەکانی بۆکان، پاوە، سنە و مەریوان بەبیانووی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ گەرم کردنی پۆلەکانی خوێندن پارە لەقوتابیان وەرگیرابوو.