وەرزێڕانی کامیاران بۆ وەرگرتنی ١٣ ملیارد تەمەن پارەی خۆیان، کۆبوونەوە

19:36 - 19 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ١٠٠ وەرزێڕی ناوچەی کامیاران بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدرانی پارەی گەرمە شامییەکەیان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکخراوی تەعاونیی گوندەکان لە دوو مانگ پێش ئێستاوە پارەی گەرمەشامیی وەرزێڕانی ناوچەی کامیارانی نەداوەو بەوهۆیەوە زیانێکی زۆری بە وەرزێڕان گەیاندووە.

ئەو ناوەندە دەوڵەتییەوە، بە مەبەستی پێشگیری کردن لە هەلپەرستیی دەڵاڵەکان، بەرهەمی گەرمە شامیی وەرزێڕانی زووتر لە کاتی هاتنە بەرهەمی گەمەشامییەکان کڕیوە.

لەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی رۆژی رابردوودا، کە لە بەردەم تەعاونیی گوندنیشنانی کامیاران بەڕێوەچوو، پیدانی پارەکەیان بۆ بژیویی ژیان، داخوازیی سەرەکیی وەرزیڕانی ناڕازی بووە.

یەکێک لە ناڕازییان بە هەواڵدەریی فارسی راگەیاندووە، وەرزێران بەهۆی دواکەوتنی پارەکەیان، لەمەڕ کڕینی کڕینی کوود، جووتی پاییزیشیان درەنگ کەوتووە.

ئەمساڵیش زیاتر لە ٥٠٠ وەرزێڕ، بەرهەمی گەرمە شامیی خۆیان بە تەعاونیی گوندنیشنانی کامیاران فرۆشتووە، کە کۆ گشتیی ئەو پارەیە ١٣ ملیار تمەن بووە.

بە وتەی بەرپرسی سینفی کاری وەرزێران لە ئیدارەی تەعاونی گوندنشینانی کامیاران، هەر کیلۆ گەرمەشامییان بە ١٢٠٠ تمەن کڕیوە، کە بەهۆی دەستێوەردانی دەلالەکانەوە نرخی هەر کیلۆیەک گەرمە شامی بۆ ٨٧٠ تمەن دابەزیوە.

عەزیزی مارابی رایگەیاندووە، سەرجەم ١٢ هەزار و ٨٠٠ تۆن گەرمەشامی بە تەعاونیی گوندنشینان فرۆشراوە.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کە لە سەدا ٢٢ی پارەی ئەو بەرهەمانە رادەستی یەکیەتیی گوندنشینان کراوە و بەم زوانە ئەدرێتە وەرزێران.

لەو ناڕەزایەتی دەربڕینەی ئێوارەی رۆژی رابردوودا، نزیک بە ١٠٠ کەس لە وەرزێڕانی ناوەچەی کامیاران، بە نوێنەرایەتیی زیاتر لە هەزار وەرزێڕ، بەشدار بوونە.