وەرزێڕانی سەقز بۆ وەرگرتنی خەسارەتی لافاو بێ وەڵام مانەوە

15:27 - 18 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە وەرزێڕانی کوردی گوندەکانی ناوچەی گەورکی سەقز، کە بەهۆی باران و لافاوی چەند رۆژی رابردوویەوە تووشی زیان بوونە، لە بەر دەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆبوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە وەرزێڕانی گوندەکانی قۆڕەدەرە، خاپوورەدێ، کێلەشین، وزمەڵە و سیادەری سەرووی سەربە ناوچەی گەورکی سەقز، کە بەهۆی باران بارینەوە توشی زیان بوون، بۆ وەرگرتنی خەسارەتی ئەو لافاوە سەردانی فەرمانداری و بەخشداریی شاری سەقزیان کرد.

ئەو وەرزێڕانە، کە هاوڕێ لەگەڵ شۆرای ئاواییەکانیان سەردانی بەخشداری و فەرمانداریی شاری سەقزیان کردووە، بەرپرسان بە بیانووی نەبوونی بودجە لە وڵامدانەوە بە وەرزێران خۆ دەبوێرن.

یەکێک لەو وەرزێڕانە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ زۆربەی وەرزێڕەکان تێکڕای بەرهەمی ساڵانەیان بەهۆی باران بارین و لافاوەوە لە ناوچووەو لە کاتێکیشدا کارناس سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە، بەڵام هیچ قەرەبوویەکمان بۆ نەکراوەتەوە.

گوتیشی؛ تەنانەت ئەو کەسانەشی، کە بەرهەمەکانیان بیمە کراوەو کارناسی ئیدارەی بیمەش سەردانی کردووە، لەلایەن سندووقی بیمەوەو بە بیانووی نەبوونی بودجە قەرەبوو نەکراونەتەوە.

ئەو وەرزێڕە روونیشی کردەوە، سەدان هێکتار گەنم و نۆکی وەرزیڕان بەهۆی لافاو و باران بارینەوە لەناو چوونە.

بەگوتەی بەرپرسی جیهادی وەرزێڕیی شارستانی سەقز، ساڵانە ١٠٠ هەزار تۆن گەنم لە زەوییەکانی ئەو شارستانە بەرهەم دێت، کە بە گوتەی ناوبراو بەشێکی بەرچاو لە زەوی و زاری گەنم بەهۆی باران و لافاوی رۆژەکانی ١٢ و ١٤ی پووشپەڕەوە تووشی زیان بوونە.