وەرزێرانی ناوچەی روانسەر لەگەڵ قەیران بەرەوڕوون

14:22 - 6 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: وەرزێڕە کوردەکانی ناوچەی روانسەر لە ئوستانی کرماشان، لە ئەمساڵدا تووشی قەیرانی نەبوونی بنەتووی گەنم هاتوون و لایەنە پەیوەرندیدارەکان هیچ مشوورێکیان لەو قەیرانە نەخواردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قەیرانی نەبونوی بنەتووی گەنم لە ناوچەی روانسەر بەرۆکی وەرزێڕانی گرتووەو لەگەڵ ئەوەیکە بنەتووی گەنم لەگەڵ کەمی و نەبوون بەرەوڕوو بۆتەوە، تەعاونییەکان بۆ هەر سێ کیلۆ بنەتووی گەنم زیاتر لە ٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن پارە لە وەرزێڕان دەستێنن.

یەکێک لە وەرزێڕانی خەڵکی ناوچەی روانسەر بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەستاندنی ئەو بڕە پارەیە بۆ بنەتووی جووتی ئەمساڵ لە کاتێکدایە، کە دەوڵەت نرخی وەرگرتنی هەر کیلۆیەک گەنمی لە ئەمساڵدا ١٠٥٠ تمەن دیاری کردبوو.

ناوبراو دەشڵێت، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەیکە لایەنە پەیونەدیدارەکان هیچ هاوکارییەکی وەرزێران ناکەن، دەڵاڵ و عەلافەکانیش بە کڕین و هەمار کردنی گەنم، نرخی فرۆشی گەنمیان بە وەرزێران زیاد کردووە.

ئەو ورزیڕە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، گوتیشی؛ بەشێک لە وەرزێڕان سەرەرای ئەوەی بە نرخێکی گران بنەتووی ئەمساڵیان دابین کردووە، تەعاونییەکان و جیهادی کەشاوەرزیش نرخی کوودی پاییزی تەنیا بە هێندیک جیاوازی لەگەڵ بازاڕی ئازاد، ئەداتە وەرزێران.

وەرزێڕێکی دیەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەربە شارستانی روانسەر لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: بەرپرسی شیرکەت تەعاونییەکانیش خەریکی خزم خزمێنە و بەرتیل وەرگرتنن و بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە وەرزێران کوودیان بەر ناکەوێ و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش وڵامدەر نین.