وەرزشکارێکی کرماشانی: بۆ تۆمار کردنی رێکۆردەکەم پێویستم بە هاوکاریی مادیی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم هەیە

13:35 - 18 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ئیسماعیل خەزایی وەرزشوانی کورد، بە لێدانی ١٨ هەزار دەمبڵ بە دەست، لەماوەی ٣ کاتژمێر و ٢٠ خولەکدا رێکۆردی لە ئاستی جیهاندا شکاندووە و بۆ تۆمار کردنی ئەو رێکۆردە لە کتێبی \"رێکۆردەکانی گینس\" داوای پشتگیری مادیی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئیسماعیل خەزایی لە دیمانەیەکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، بەم شێوەیە سەرکەوتن، داخوزی و گازندەکانی خۆی باس کرد: ماوەیەک پێش ئێستا بەلێدانی دەمبڵی ٦ کیلۆیی لە ماوەی ١ کاتژمێر و ٥٢ خولەکدا توانیوم ریکۆردی١٠٥٠ دەمبڵ لە ئاستی جیهاندا بشکێنم و لە ئێستادا ئەو رێکۆردەم بە لێدانی ١٨ هەزار دەمبڵ بە کێشی ٦ کیلۆوە لە ٣ کاتژمێر و ٢٠ خولەکدا شکاندووە، بەڵام بە هۆی دەستکورتییەوە هەتا ئێستا نەمتوانیوە ئەو رێکۆردە لە \"کتێبی گینس\"دا تۆمار بکەم.

ئەوە لە کاتێک دایە کە ئەو ریکۆردە لەلایەن وەرزشوانێکی کاناداییەوە بە لێدانی ٨ هەزار و ٤٠٠ دەمبڵ بە کێشی ٣.٥ کیلۆ و لە ماوەی ١ کاتژمێر و ٤٠ خولەک، لە کتێبی رێکۆردەکانی گینسدا تۆمار کراوە.

ئەو وەرزشوانە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، بەمەبەستی پشتگیریی مادی چەندین جار داوای هاوکاریم لە بەرپرسانی فیدراسیۆنی وەرزشی ئێران کردووە بەڵام هەتا ئێستا هیچ بایەخێکیان پێ نەداوم ، بۆیە ئێستا لێبڕاوانە داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم هاوکاری و پشتگیریی پێویستم لەمەڕ تۆمار کردنی ئەو رێکۆردە بکەن.

ئیسماعیل خەزایی راشیگەیاند، بۆ ئەو مەبەستە لە رۆژنامەی \" نسیم غرب\" دا داواکارییەکانی خۆم بە گوێی بەرپرسان گەیاندووە و هەتا ئێستا هیچ کەس بە دەم داخوازییەکانمەوە نەهاتووە و تەنیا پێیان راگەیاندووم کە پێویستە بۆ خۆت بەدوای سپۆنسەردا بگەڕێی تاکوو بتوانی رێکۆردەکەت تۆمار بکەی.

ئەو وەرزشکارە کوردە وێڕای بەداخبوون بەو شێوە هەڵسوکەوتانەی بەرپرسانی فێدراسیۆنی وەرزشی ئێران، رایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام لەمەڕ تۆمار کردنی ئەو رێکۆردە، تەنیا لەبەر ئەوەیکە بە هاووڵاتیی پلە ٢ دادەنرێم، هەتا ئێستا هاوکارییان نەکردووم و نەمتوانیوە تۆماری بکەم.

ئیسماعیل خەزایی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە شاری کەنگاوەر سەربە پاریزگای کرماشان لەدایک بووە.

لە وڵاتی ئێران بەتایبەتی لە پارێزگا کوردنشینەکان بە سیاسەتی ئامانجادار و پەراوێز خستن، هیچ گرینگییەک بە وەرزشی ئەو ناوچانە نادرێت و بەرپرسان لە راستای کوشتنی بەهرە و تواناکاندا هەموو هەوڵێکیان خستۆتە گەڕ و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە زۆرێک لە بەهرە و توانا دەگمەنە وەرزشییەکان بە شاراوەیی بمێننەوە.