وەرزشوانێکی کورد پلەی سێهەمی لەشجوانی لە هەرێمی کوردستان بەدەست هێنا

20:32 - 1 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی هەرێمی کوردستان لە کێبڕکێی لەشجوانی توانی پلەی سێهەمی ئەو کێبڕکێیە بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕەشاد مێنبەری، وەرزشوانی سنەیی لە کێبڕکیی لەش جوانی لە شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان توانی پلەی سێهەم لە کێشی ٩٥کیلۆ بەدەست بێنێ.

ئەو کێبڕکێیە لەلایەن یەکیەتی لەشجوانی هەرێمی کوردستان بە دروشمی\"ئێمە قەرزداری پێشمەرگەین\" بەڕێوەچوو.

لە کێبڕکێی لەشجوانی، وەرزشوانان لە پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.

ئەو کێبڕکییە لە ماوەی ڕۆژانی ٢٩ هەتا ٣٠ ڕەزبەر لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ڕەشاد مێنبەری، وەرزشوانی کورد خەڵکی گوندی \"نیەر\" لە ناوچەی \"ژاوەرۆ\"ی سنەیە، کە پێشتر بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ناچاری زێدی خۆی جێهێشت و ئێستا لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە.