وەرزشوانێکی کورد و ئەندامی تیمی میللیی کەبەدیی ئێران کوژرا

14:47 - 20 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشان، لە لایەن کەسێکی نەناسراوەوە بە چەقۆ هێرش دەکرێتە سەری و دەکوژرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ١٨گەلاوێژ، کاتژمێر ٩ی شەو، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کرماشان، وەرزشکارێکی کورد، لە لایەن کەسێکی نەناسراوە هێرش کرایەوە سەری و لە ئاکامدا بە هۆی کاریگەربوونی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو وەرزشوانە کوردە، بە ناوی \"عادڵ کەرەمی\"، تەمەن ٢٥ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو وەزشوانە کوردە، ئەندامی تیمی میللیی کەبەدیی ئێران بووە و ئەو ڕووداوەش لەگەڕەکی حافزییەی شاری کرماشان ڕووی داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو ڕووداوە بەردەوامە.