وەرزشوانانی کورد براوەی کێبڕکێی ئۆرئاسیا بوون

21:14 - 10 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کێبڕکێی وەرزشی کیک بۆکسینگ لە کۆماری ئازەربایجان، بە سەرکەوتنی لاوانی کورد کۆتایی پێهات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار لاوی کورد توانییان پلەی یەکەمی کێبڕکێی ڕەزمیی جامی ئاشتی و دۆستایەتی(صلح و دوستی) وڵاتی ئازەبایجان بەدەست بێنن.

لە وەرزشی کیک بۆکسینگدا، هەر یەک لە ئایەت لوتفی(کێشی ٧٥ کیلۆ)، قاسم مینایی(کێشی ٦٥کیلۆ)، ئەدیب تەیمووری (کێشی ٥٠ کیلۆ) و ئاسۆ کاکایی(کێشی ٤٠ کیلۆ) لە پەلەی یەکەمدا جێیان گرت و میداڵی زێڕیان لە مل کرا.

\"\"کیک بۆکسینگ ڕشتەیەکی ڕەزمییە لە تێکهەڵکێشی کاراتە، موویتای و بۆکس و بە وەرزشێکی بەرگریکارانە دەژمێردرێت.

ئەو چوار لاوەی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، تەنیا نوێنەرانی وڵاتی ئێران، لە باکووی پایتەختی کۆماری ئازەبایجان بوون.

لەم کێبڕکێیەدا کە لە بەشی \"ئازاد\"دا بەڕێوەچوو، ٨ وڵاتی ئاسیایی و ئورووپایی(ئۆرئاسیا) لەوانە تورکیە، بریتانیا، ئاڵمان، ئۆکراین و ... بە زیاتر لە ٥٠ وەرزشوان بەشدارییان کردبوو.

بەدەستهێنانی ئەو پلە جیهانییانە لەلایەن لاوانی سەلاسی باوەجانی لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر ماڵپەڕێکی خۆجێیی لە ڕاپۆرتێکدا باسی نەبوونی ئیمکاناتی وەرزشی و دۆخی نالەباری شوێنە وەرزشییەکانی کردبوو، کە لاوانی لە وەرزش دڵسارد کردۆتەوە.