وەتەن چاوی لێمانه\" بۆ پشتیوانیی لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان ڕێکخرا

15:13 - 23 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوە خەڵکییەکانی شاری مەریوان، کەمپینێک بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شاری کرماشان ڕێکخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنە خەڵکییەکانی شاری مەریوان لە ڕاگەیەندراوێکدا کەمپینێک لە ژێر ناوی \"وەتەن چاوی لێمانه\" بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان ڕێکخست.

ئەم ئەنجومەنە خەڵکییانە یەکەم بارهەڵگری یارمەتی گەیاندنی مرۆڤدۆستانەی خەڵکی شاری مەریوانیان بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی کرماشان و شاری \"ئێزگلە\" نارد.

خەڵکی کوردستان لە زۆربەی شارەکان بە شێوەی خۆڕسک بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی پارێزگای کرماشان هەوڵی کۆ کردنەوەی کەلوپەلیان دا و بەپێی دوایین ئامارەکان هەتا ئەم کاتە ٤٣٠ کەس کوژراون و نزیکەی ٧٤٦٠ کەس بە هۆی بوومەلەرزەی ٧.٣ ڕێشتری بریندار بوون.

بەڕێوەبەری گشتی قەیرانەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە: ئەگەری زیادبوونی کوژراوەکان هەتا ١٠% دیکە هەیە و بە وتەی وەزیری بێهداشت نزیکەی ٦٠٠ بریندار لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان وەرگیراون و ٣٠٠ کەسیان کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر نەشتەرگەریان بۆ کراوە.