وێنەی سێلفی، گیان لەدەستدانی کچێکی سەردەشتی لێکەوتەوە

16:00 - 8 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: \"میدیا ئەحمەدپوور\" کچێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لە کاتی کێشانی وێنەی سێلفی دەکەوێتە ناو چۆمی زاب و گیانی لەدەست دەدا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی \"میدیا ئەحمەدپوور\" خەڵكی گوندی زله هەڵکەوتوو لە ٢٠ کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای شاری سەردەشت، لە کاتی کێشانی وێنەی سیلفی‏دا دەکەوێتە ناو چۆمی زاب و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دەدا.

میدیا ڕۆژی هەینی بۆ سەیران لەگەڵ بنەماڵەی چووبوونە دەرەوە کە تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

دوای ئەو ڕووداوە ناوەندی فریاکەوتنی پزیشکی بۆ چارەسەریی پزیشکی دەگاتە شوێنی مەبەست بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام دەمێنێتەوە.

تەرمی ناوبراو بۆ لێکۆلێنەوەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی خۆمەینیی شاری سەردەشت گواستراوەتەوە.

ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد کە بە مەبەستی مەلەکردن سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، لەو چۆمەدا دەخنکێن.

چۆمی زاب یەکێک لەو ڕووبارانەیە کە چوار وەرزی ساڵ خرۆشانە و لە کێوەکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت و لە پارێزگای ورمێ هەڵکەوتووە.