وێنەگرێکی کورد گەیشتە قۆناغی کۆتایی خەڵاتی گەورەی جیهانی هاوچەرخ

15:01 - 19 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: وێنەگرێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، وەکوو ٢٦مین هونەرمەندی باشترینی جیهان، لە ساڵی ٢٠١٨ دەستنیشان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێژا ڕەحیمی‌نیا، وێنەگری کورد، خەڵکی شاری مەریوان، بە بەشداریی لە کێبڕکێی جیهانی هونەری هاوچەرخ Rise Art Prize 2018 توانی ببێتە یەکێک لە ٢٦مین وێنەگرەکانی جیهان.

لەو کێبڕکێیە کە ١٦ هەزار هونەرمەند لە ناوچەی جۆراوجۆرەکانی جیهان بەشداربوون، لێژنەی داوەران بەپێی دابەش بوونی ٥ ناوچە بەرهەمەکانیان هەڵسەنگاند و دابەش کردنی هونەرمەندانی ئەو ناوچانە بریتی بوون لە: بریتانیا، ئورووپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقا، ئامریکا، ئوسترالیا و ئاسیا.

\"\"
هێژا ڕەحیمی‌نیا
لێژنەی داوەران Rise Art Prize 2018 لە هەر کام لە بەشەکان پاش هەڵبژاردن، لیستێکی کورتیان لە هونەرمەندانی دەستنیشان کراوی هەر کام لە ناوچەکان ڕاگەیاند و لە قۆناغی یەکەمدا هەر لیستێک ٠ ١٦ هونەرمەندی لە خۆ گرتبوو.

لە ڕێکەوتی ٦ی دیسامبێر لیستی کۆتایی ٢٦ هونەرمەند، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گەورە ڕاگەیەندرا و بەرهەمی هونەرمەندانی ئەو لیستە لە مانگی فورییەی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بە بەشداری هونەرمەندان پیشان دەدرێت.

لێژنەی داوەرانی بەشی جیهانی، لە ماوەی ڕێوڕەسمەکەدا هاوکات بە پێشاندانی پێشانگای هونەرمەندان، ئەم لاوە مەریوانییەیان وەکوو هونەرمەندی جیهانی ساڵ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ١٠ هەزار پۆندی ناساند.

کاری ئەو هونەرمەندە مەریوانییە، لە پەیوەندی لەگەڵ کۆچ و پەنابەریی بووە.