وێنەگرێکی کورد میداڵی بڕۆنزی لە فێستیڤاڵێکی جیهانیدا بەدەست هێنا

15:47 - 5 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: وێنەگرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە فێستیڤاڵی جیهانیی وێنەگریی وڵاتی سێربستان میداڵی بڕۆنزی بەدەست هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"شێرزاد ڕۆستەم دوست\"(شاسوار) وێنەگری خەڵکی شاری سەردەشت، لە فێستیڤاڵی جیهانیی وێنەگریی وڵاتی سێربستان، میداڵی بڕۆنزی بۆ خۆی دەستەبەر کرد.

ئەو فێستیڤاڵە لەژێر ناوی \"گەورەیی ژنان\" بەڕێوە چووە و ٦ بەشی جیاوازی لەخۆ گرتبوو.

فێستیڤاڵەکە لە بەشەکانی وەک؛ \"ڕەنگی ئازاد، تەک ڕەنگ، فۆتۆژۆرنالیزم، دایک، منداڵ و ژن لە کۆمەڵگادا\" بەڕێوە چووە.

هونەرمەندانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە فێستیڤاڵ و کێبڕکێ جیهانییەکاندا پلەی جیهانی بەدەست دێنن و شانازی بۆ خۆیان و گەلەکەیان تۆمار دەکەن.