وێنەگرێکی کورد، خەڵاتی ساڵی یونیسێفی لە وڵاتی ئاڵمان بەدەست هێنا

16:21 - 2 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: \"ئارێز قادری\"، وێنەگری خەڵکی شاری سنە، وەکوو یەکەمین هونەرمەندی ئێرانی، توانیویەتی خەڵاتی وێنەی ساڵی یونیسێف لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان، بەدەست بهێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، هەموو ساڵێک یونیسێف لە وڵاتی ئاڵمان خەڵاتی باشترین وێنەی ساڵ بە باشترین وێنەگران، کە لە سەرتاسەری جیهانەوە لەم فێستیڤاڵەدا بەشداری دەکەن، پێشکەش دەکات. ئەمساڵیش \"ئارێز قادری\"، هونەرمەند و وێنەگری کوردی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی گرتنی وێنەی منداڵیکی دەم بە پێکەنین لە نێو زبڵەکاندا، توانی خەڵاتی ساڵی یونیسێف لە بێرلین بۆخۆی مسۆگر بکات.

ناوبراو، لە ساڵی ١٣٦٦دا، لە شاری سنە لەدایک بووە وچالاکیی هونەریی خۆی لە ساڵی ١٣٨٢دا دەست پێکردووە.

پلەی سێهەمی سی و پێنجمین دوو ساڵانەی نیکون(٢٠١٥)، خەڵاتی زێێیی نۆهەمین دووساڵانەی منداڵ لە وڵاتی لەهێستان، پلەی دووهەمی فێستیڤاڵی پارێزگا و ...هتد، لە دەست کەوتەکانی دیکەی ئەم وێنەگرە کوردەیە.

\"یونیسێف\"، لە دێسامبری ١٩٤٦دا، لە لایەن لێژنەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێک هاتووە و لە ئۆکتۆبری ١٩٥٣دا بوو بە یەکێک لە ڕێکخراوە هەتاهەتاییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و چالاکیی خۆی بۆ پاڵپشتی لە منداڵانی وڵاتانی دواکەوتوو و نیوە پێشکەوتوو پەرە پێداوە.