وێنەگرێکی کرماشانی لەرکابەرییە جیهانییەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

13:32 - 16 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: وەحید بابایی وێنەگری کورد توانی لە رکابەرییە جیهانییەکانی \"وێنەی نوێی ساد ٢٠١٣\" لە سێربستان خەڵات بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی وێنەگرانی کرماشان، وەحید بابایی لەسێهەمین خولی کێبڕکێیەکانی وێنەی \"ساد ٢٠١٣\" لەسێربستان بەشداریی کرد و بەرهەمەکانی باشترین سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.

وەحید بابایی پێشتریش توانیبووی لەفێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سێربستان خەڵاتی fiap HM ی بەدەست بێنێت.

فێستیڤاڵی جیهانی وێنەی سێربستان، هەموو ساڵێک لەژێر چاوەدێریی فیدراسیۆنی جیهانی وێنەگری و بە بەشداریی وێنەگرانی ناسراوی جیهان و ناوەندەکانی وێنەگری بەڕێوە دەچێت.

هەروەها ئەو وێنەگرە کوردە لە فێستیڤاڵێکی دیکەی نێودەوڵەتی \"پۆڕترە\"‌ی سێربستان مەدالیای زێری تایبەت بە وێنەی \"گریان\" بەدەست هێنابوو.

ئەنجومەنی وێنەگرانی کرماشان یەکێک لە چالاکترین ئەنجومەنەکانی وێنەگریی ئوستانی کرماشانە و هەر دوو حەفتە جارێک لە دانشتنێکدا بەرهەمی وێنەگرانی ئەندامی ئەنجومەنەکە تاوتوێ دەکات.

وەحید بابایی تەمەنی ٣١ ساڵە و لەشاری کرماشان لەدایک بووە و هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئێران وەکوو: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی خەیام، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی ئارژانتین و فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی بوڵغارستان خەڵاتکراوە.