وێنەگرێکی بۆکانی لەفێستیڤاڵی وێنەگرانی ئێرانی سەرکەوتنی بەدەست هێنا

13:16 - 1 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: وێنەگرانی سەرکەوتووی بەشداربوو لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی \"سفرەکانی بەربانگ\" دیاری کران و وێنەگرێکی بۆکانی توانی پلەی سێیەمی ئەو فێستیڤاڵە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لوقمان رەحیمی بە چەندین وێنەوە بەشداریی لەبەشی گشتیی فێستیڤاڵی \"سفرەکانی بەربانگ\"‌دا کردووە و بەرهەمەکانی لەگەڵ ٧٠٠ وێنەی وێنەگرانی شارەکانی ئێران لە رکەبەرییدا بووە.

شەشەمین خولی ئەو فێستیڤاڵە لەدوو بەشی گشتیی و تایبەتدا کە وێنەگرانی شارەکانی ئێران تێیدا بەشدار بوون، لەو وڵاتە بەڕێوە چووە.
\"16275.jpg\"
لوقمان رەحیمی،وێنەگر
ئێحسان کەماڵی لە بجنوورد، ئەمیر عەنایەتی لە توربەت حەیدەریە و لوقمان رەحیمی لەبۆکان، بە ریز پلەکانی یەکەم هەتا سێیەمی ئەو فێستیڤاڵەیان بەدەست هێناوە.

لوقمان رەحیمی خاوەن وێنەگری \"کۆداک\"ی شاری بۆکانە و بەوتەی خۆی ماوەیەک لەمەوبەریش لەلایەن شارەوانی و شۆرای ئەو شارە پێش بە بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی وێنەی ناودارانی کورد (نووسەر، رۆژنامەوان، وەرگێڕ، ئەدیب و شارەزایانی بواری فەرهەنگ و شاعیران) کە بەرهەمی ئەو هونەرمەندە کوردە بوون، گیرابوو.

رێوڕەسمی پێشکه‌ش کردنی خەڵات بە سەر سەرکەوتوانی شەشەمین فێستیڤاڵی سفرەکانی بەربانگ لەمانگی خەزەڵوەردا بەڕێوە دەچێت.

ئەو فێستیڤاڵە لەساڵی ١٣٨٦وە لەئێران دەستی پێکردووە و هەموو ساڵێک ژومارەیەک وێنەگریی بە توانا تیایدا بەشداری دەکەن.