وێنەگرێکی بۆکانی لەرکابەرییە جیهانییەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا

12:41 - 11 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هونەرمەندێکی کورد لە رکابەرییەکانی وڵاتی \"ئیسلۆنی\" توانی میداڵی زێڕی لەبواری باشترین وێنەدا بەدەست بێنێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لوقمان رەحیمی لە وێنەگریی کوداکی شاری بۆکان لە بەشی سروشتدا بەشداریی لە رکابەرییەکانی وڵاتی ئیسلۆنیدا کردبوو و توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

\"17137.jpg\"
لوقمان رەحیمی لە وێنەگریی کوداکی شاری بۆکان توانی میداڵی زێڕی لەبواری باشترین وێنەدا بەدەست بێنێت
لەو رکابەرییەدا بەرهەمی وێنەگرانی زیاتر لە ٢٠ وڵات تیایدا بەشدار بوون و لە چوار بەشی سەفەر، ئیسپۆرت، ئازاد و سروشتدا بەڕێوە چوو.

لوقمان رەحیمی پێشتریش بە چەندین وێنەوە بەشداریی لەبەشی گشتیی فێستیڤاڵی \"سفرەکانی بەربانگ\"‌دا لەئێران کردبوو و بەرهەمەکانی توانیبووی لەنێوان ٧٠٠ وێنەی وێنەگرانی شارەکانی ئێران سەرکەوتن بەدەست بێنێت.

شەشەمین خولی ئەو فێستیڤاڵە لەدوو بەشی گشتیی و تایبەتدا کە وێنەگرانی شارەکانی ئێران تیایدا بەشدار بوون، لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا بەڕێوە چوو.

لوقمان رەحیمی خاوەن وێنەگری \"کۆداک\"ی شاری بۆکانە و ماوەیەک لەمەوبەریش لەلایەن شارەوانی و شۆرای ئەو شارە پێش بە بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی وێنەی ناودارانی کورد (نووسەر، رۆژنامەوان، وەرگێڕ، ئەدیب و شارەزایانی بواری فەرهەنگ و شاعیران) کە بەرهەمی ئەو هونەرمەندە کوردە بوون، گیرابوو.

وێنه‌ی براوه‌ی لوقمان ره‌حیمی

\"17138.jpg\"