ئوستانداری کوردستان: هەژاریی ئابووری و فەرهەنگی‌هۆکاری وازهێنانی کچان لەخوێندنە

21:12 - 31 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای هەبوونی ئامارێکی لەڕادەبەدەری نەخوێندەوار لە ئوستانی کوردستان، ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە منداڵانی کورد لەو ئوستانە بەتایبەتی لە نێو کچاندا واز لە خوێندن دێنن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەهۆی نەبوونی پلانێکی شیاو لەمەڕ پرۆسەی خوێندن لە وڵاتی ئێران و ناوچە هەژارنیشینەکانی ئەو وڵاتە، رێژەی دەستهەڵگرتنی کچان لەخوێندن رووی لەزیادبوون کردووە.

ئوستانداری کوردستان لە کۆبوونەوی رۆژی رابردووی شۆرای پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کوردستان، رێژەی کچانی بەجیماو لە خوێندن بە بەراورد لەگەڵ کوڕان زۆر زیاترە و ناوبراو هۆکارەکەی بۆ هەژاریی ئابووری و فەرهەنگی لە ئوستانی کوردستان گەڕاندەوە.

عەبدول‌محەمەد زاهیدی هەژاریی ئابووریی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنان لە خوێندنی منداڵان لە ئوستانی کوردستان لە قەڵەم داو رایگەیاندووە، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن بەهۆی هێندێک تێڕوانینی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە، کچانی ئوستانی کوردستان دەست لە خوێندن هەڵدەگرن.

زاهیدی گوتووشیەتی؛ ئەگەر مەسەلەی ئابووی لە کوردستان چارەسەر بکرێت، تەنیا ئاماری دەست هەڵگرتنی کوڕان لە خویندن کەم دەبێتەوە، بۆیە دەبێ شۆرای پلان‌ڕێژیی ئوستان گرینگیی تەواو بە م مەسەلەیە بدات.

رێژەی قوتابیانی دوو ئوستانی کوردنشینی کرماشان و کوردستان لە ساڵی خوێندنی ٩٢-٩٣ی هەتاوییدا زیاتر لە ٥٤٨ هەزار کەس راگەیەندراوە، کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیک بە ١٠ هەزار منداڵی تەمەن ٦ هەتا ١٣ ساڵەی کورد لە شار و گوندەکانی ئەو دو ئوستانە لە خوێندن بەجێماون و دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

بەپێی ئامارەکان، ئوستانەکانی سیاستان و بەلووچستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان، خۆراسانی باکوور و کرمان بەڕیز زۆرترین ئاماری نەخوێندەوارانیان لەخۆ گرتووە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە تێکڕای قوتابخانەکانی کوردستانی ئێران لەماوەی پرۆسەی خوێند‌ن‌دا دابین کردنی کەلوپەلی قوتابخانە و تێچووی سووتەمەنی لە ئەستۆی قوتابیان بووەو وەزارەتی پەروەردە لە پرۆسەی خوێندن‌دا کەمترین یارمەتیی قوتابخانەکان و قوتابیان کردووە.