ورمێ/ هێزە حکومەتییەکان باوک و کوڕێکیان دەستبەسەر کرد

16:01 - 30 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ دوو هاووڵاتیی کوردیان، پاش ١٢ ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتووخانەی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ ڕاگواستووە.

ماڵپەڕی مافی مڕۆڤی کوردستان لەو بارەوە ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، باوک و کوڕ بوون کە لە ڕیکەوتی ١٥ گەلاوێژەوە لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ورمێ دەستبەسەر کراون.

شوناسی ئەو باوک و کوڕە بە ناوی حەسەن پەیغامی (باوک) و فەرهاد پەیغامی (کوڕ) ڕاگەیەنراوە.

فەرهاد پەیغامی خوێندکاری بەشی مێعماری زانکۆی ورمێیە و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵی خۆیان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەرکراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، پاش دەستبەسەر کردنی فەرهاد، چوونەتە ماڵی باوکی فەرهاد و دەستیان کردووە بە پشکنین و هێندێک کەرەستە و وەسایلی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

دەوترێ هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، باوکی ئەو خوێندکارە کوردەیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕایگەیاند؛ هێرە ئیتلاعاتییەکان بۆ وەرگرتنی دان پێدانانی زۆرەملی لە فەرهاد دەستیان کردووە بە لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ناوبراو، پاش ١٢ ڕۆژ بە جلوبەرگی خوێناویەوە لەگەڵ باوکی ، ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ بۆ زیندانی ناوەندی دەریای شاری ورمێ گوازرانەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە سەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان حەسەن پەیغامی بۆ بەندی ٣و ٤ کە تایبەتە بە بەندی زیندانیانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر و هەروەها فەرهادیش بۆ بەندی لاوەکان گوازراونەتەوە.

ئەو خوێندکارە کوردە ڕایگەیاندووە، ئامادە نییە جلوبەرگە خوێناوییەکەی لە بەر دابکەنێت و لە لێکۆڵەرەوەکانی گرتووخانەی شاری ورمێ سکاڵا دەکات.

پێشتریش، حەسەن پەیغامی بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی \" لە ساڵی ٨٧ی هەتاوی دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانەکانی تەورێز و ورمێ دا ڕاگیرابوو.

ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە وەزارەتی ئیتلاعات یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە کە بەشێوەی سیستماتیک لە ڕەوتی سەرکوتی ئازادییەکان بەشداریی هەیە.