ورمێ/ هیزە ئەمنیەتییەکان چالاکێکی مەدەنی کوردیان دەستبەسەر کرد

13:17 - 16 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان چالاکێکی مەدەنی ــ فەرهەنگیی کوردیان لەشاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رایانگواستووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ورمێ ڕژاونەتە ماڵی کەسێک بە ناوی فەرهاد عەلیزادە و دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

فەرهاد عەلیزادە خەڵکی شاری شنۆیە و ماوەی پێنج ساڵ دەبێ لەشاری ورمێ گیرساوەتەوە و سەرقاڵی کاری هونەریی و فەرهەنگیی بووە.

ئەو هاووڵاتیە کوردە لە شوێنە فێرکارییەکانی ورمێ راهێنانی ژەنیاریی بە لاوەکان کردووە و هاوکاتیش لە کۆر و کۆبوونەوە ئەدەبیەکاندا شێعری خویندووەتەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە پێشتریش لەساڵی ١٣٩٢دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو و پاش حەفتەیەک راگرتنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ئازاد کرابوو.
دەوترێت کە فەرهاد بە تۆمەتی \"پروپاگەندە بە دژی نیزام\" دەستبەسەر کرابوو.