ورمێ‌/ دەستبەسەركردنی خاوەن قەنادییەک، بەهۆی هەبوونی وێنەی ئاڵای كوردستان لەشوێنی كارەكەی

15:09 - 4 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: خاوەن كارگەیەكی درووست كردنی شیرینی (قەنادی) و كێكی تایبەت بە رێوڕەسمی شایی، بە هۆی ئەوەیکە نەخشی ئاڵای كوردستان لە لەسەر کێکی کێشاوەتەوە، دەستبەسەر کراو و شوێنی كارەكەشی داخرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەلام ئەحمەدی خاوەنی قەنادیی \"لاوان\" لە ورمێ‌بە، هۆی هەبوونی نەخشی ئاڵای كوردستان لەسەر کێک شیرینیەكانی، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئەماكینەوە دەستبەسەر كرا.

مەئموورانی ئیدارەی ئەماكین پێشتر چەندین جار سەردانی شیرینی فرۆشی لاوانیان كردووە و بە خاوەنەكەیان وتووە پێویستە ناوی دووكانەكەت لە كوردییەوە بۆ ئازەری یان فارسی بگۆڕیت.

دەوترێت مەئموورانی ئیداری ئەماكین وێنەی ئاڵای كوردستانیان لەسەر كامپیۆتێرەكەی سەلام ئەحمەدی لەناو شیرینی فرۆشییەكەدا دۆزیوەتەوە.

\"21756.jpg\"
سەلام ئەحمەدی وتوویەتی: ئەو وێنەیە پێوەندیی بەدوو ساڵ لەمەوبەرەوە هەیە و لە سەر پێشنیار و داوای یەكێک لە موشتەرییەكان ئەو وێنەیەك لەسەر \"كێک\" دروست كردووە.

خاوەنی قەنادی فرۆشی \"لاوان\" دوای راگرتنی چەند رۆژ لەگرتنگەی ئیدارەی ئەماكین و ئیتلاعاتدا، رەوانەی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ‌كراوە و دووكانەكەشی داخراوە.

ماوەیەك لەمەوبەریش چالاكێكی خوێندكاریی كورد بە بڕیاری حیراسەتی زانكۆی عیلمی ـ كاربوردیی شاری ورمێ بە هۆی باوەڕمەندی بەئاڵای كوردستان لە خوێندن بێبەش كرابوو.

مەجید تیباش بەهۆی ئەوەی كە باكگراواندی لاپتۆپەکەی ئاڵای كوردستان بووە و لەسەر پرۆژێكتۆرلەكاتی بەڕێوە چوونی سیمیناردا پیشان درابوو، ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو.

ماوەیەك لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات بەتایبەت شاری ورمێ‌ئیدارەی ئەماكین و ناوەندە حكوومییەكان دەستیان بە گۆڕینی ناوی كوردی دووكانەكان بۆ ئازەری كردووە.

ئەو بڕیارە و فشارە هێنانە تەنانەت شوێنە گشتیی و شەقامەكانیشی گرتۆتەوە.

\"آ‌‌غا قبیر خیابانی، شهر جایی خیابانی، درویشلر كوچەسی، درە چایی خیابانی و ...\" ناوی ئەو شوێن و تابلۆیانەن كە بەم دوایانە لە فارسییەوە بۆ ئازەر گۆڕدراون.

وێنــه: تەزیینی