ورمێ/ تەقینەوە لە شوێنی کار خەساری گیانی و ماڵیی بەدواوە بوو

21:30 - 19 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی پیشەی جۆشکاری لە شاری چایپارە بەهۆی تەقینەوەی تانکی گاز گیانی لەدەست دا.

تانکی گاز لە شارێکی سەربە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژ ئاوا تەقیەوەو بە هۆیەوە دوو کەس کوژراو و بریندار بوون.

ڕووداوەکەی ڕۆژی ڕابردوو، ١٨ی خاکەلێوە، مردنی خێرای یەکێ لە کرێکاران و برینداربوونی یەکی دیکەی بەدواوە بووە کە بۆ چارەسەری پزیشکی گەیندراوەتە نەخۆشخانەکانی ورمێ.

شوناسی قوربانیانی ڕووداوی کار لە چایپارە هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ڕاگەینەکانی ورمێ لەزاری لێپرسراوی ئاگرکوژێنەوەی چایپارە، هۆکاری ڕووداوەکەیان بۆ بوونی کەمێک گاز لەنێو تانکیی گازهەڵگرەکە گەڕاندووەتەوە.

هەروەها تەقینەوەکە،خەساری ماڵیی گەیاندووەتە چەندین دووکان و ماشین لە شوێنی ڕووداوەکە.

پێشتریش کرێکارێکی خەڵکی شاری کەنگاڤەر لە پارێزگای کرماشان بەهۆی بەربوونەوە لە قاتی سەرەوە، گیانی لەدەست دابوو.