ورمێ‌/ تێكهەڵچوونی نێوان هێزە نیزامیەكان و هاووڵاتیانی ناوچەی دۆڵ، ١٥ برینداری لێكەوتەوە

15:58 - 21 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: لە ئاوایی \" دەلۆ و دەربەند\"‌ی ناوچەی دۆڵی ورمێ‌ شەڕ و تێكهەڵچوون لەنێوان هێزە نیزامیەكانی حكوومەتی ئێران و دانیشتوانی ئەو ئاواییە هاتۆتە ئاراوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە وتەی شایەتحاڵان، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بڕینی ئاوی خواردنەوەی ئاوایی \" دەلۆ و دەربەند\" لە ناوچەی دۆڵ چوونەتەئەو ئاواییە و لە ئەنجامدا لەگەڵ پەرچەكرداری دانیشتوانی ئاواییەكە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

شایەتحاڵان بە هەواڵنێری (كوردپا)یان وتووە، ژمارەیەك بەرچاو لەو هێزانە چوونەتە شوێنی سەرەكیی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئاوایی دەلۆ و دەربەند و وێڕای هەڕەشە كردن ویستوویانە ئاوەكە ببڕن كە هاووڵاتیان بە گژیاندا چوونەتەوە.

شایەتحاڵان باسیان لەوەش كردووە، سەرەتا هێزە نیزامیەكان بە باتوم و قۆنداغی چەك ٧ ژن و پیاوی ئاواییەكەیان بریندار كردووە و خەڵكەكەش بە بینینی ئەو بێ‌ رێزی پێكردنە بە دار و بەرد هێرشیان كردۆتە سەر هێزە نیزامیەكان.

لەدرێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو پەرچەكردارەی خەڵك، ٧ كەس لە هێزە نیزامییەكانیش بریندار بوون.

دەوترێت ئەو هێزانە بۆ بڵاوە پێكردن بە خەڵك و كۆتایی هێنان بە گرژییەكە، گازی فرمێسك رێژییان بەكار هێناوە.

لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا و بەتایبەت دەورووبەری شاری ورمێ‌ پاشكەوتی ئاوی ژێرزەوییەكانی بە شێوەیەكی بەرچاو لە كەمی داوە و تەنانەت ژمارەیەك لە تاڵاو و زۆنگاوەكانی ئەو ناوچەیش ویشك بوون.

ماوەیەكیشە دانیشتوانی دەربەندی ورمێ‌ كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و هێزە نیزامییەكان بەهاوكاری ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ ویستوویانە لە ئاوی ئاوایی \" دەلۆ\"‌وە ئاوی خواردنەوەی دەربەند دابین بكەن.

یەكێك لەدانیشتوانی ئاوایی \"دەلۆ\" بە هەواڵنێری كوردپای وتووە، \" ئەگەر بێت و لە ئاواییەكەی ئێمەوە ئاو رەوانەی دەربەند بكرێ‌ ئەوە ئێمە بێ‌ ئاو دەمێنینەوە\".

بەشێك لە دانیشتوانی ورمێ‌ و دەورووبەریشی بە بەردەوامی سەبارەت بە پیسی ئاوی خواردنەوەكە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و تەنانەت ماوەیەك لەمەوبەر لە هەواڵەكاندا باس لەوە كرابوو دانیشتوانی گەرەكێكی ورمێ‌ ئەوە ئاوە پیسە تەنانەت بۆ حەمام كردنیش بەكار ناهێتت.

لە سەردەمی دەوڵەتی \"دەیەم\"‌دا پلانێك لەژێر ناوی \" گەڵاڵەی ئاوی غەدیر\" خرایە بەرباس و ئەو گەڵاڵەیە لە ئوستانی خووزستان كە بەدەست بێ‌ ئاوییەوە دەناڵێنێ‌ خرایە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە كە دواتر دەركەوت هیچ ئاكامێكی لێنەكەوتەوە.