ورمێ/ باوکێک لەژێر ناوی \"پاراستنی نامووس\"دا کچەکەی کوشت

20:49 - 18 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری ورمێ، ژنێک بەدەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ چەند رۆژ پێش ئێستا پیاوێک بەناوی عارف عەزیزی خەڵکی نوشین شار(کارخانە قەند)ی ورمێ، کچەکەی خۆی کوشت.
هەواڵنێری کوردپا لە بەخشی نازلووی ورمێ شوناسی ئەو کچەی \"مێهناز عەزیزی\" راگەیاندووە، کە چەند رۆژ پێش ئیستا لەلایەن باوکی و برا گەورەکەیەوە کوژراوە.

مەهناز عزیزی، کە لە ماڵی خوشکێکی کوژراوە، چەند ساڵ پێش ئیستا ژیانی هاوبەشی پێک‌هێنابوو، کە ساڵی رابردوو لەمیردەکەی جیا ببوویەوەو لەترسی بنەماڵەکەی \"بەنهێنی\" دەژیا.

دەگوترێت، ئیدارەی ئاگاهی لە شاری ورمێ، عارف عەزیزی‌یان دەستبەسەر کردووە و ناوبراو شوێنی شاردنەوەی تەرمی کچەکەی ئاشکرا کردووە.

عارف عەزیزی لەکاتی لێپرسینەوەدا هۆکاری کوشتنی کچەکەی بۆ کێشەی \"ئەخلاقی\" گەڕاندۆەتەوە.

بەپێی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەگەر باوکێک بەئەنقەست منداڵەکەی خۆی بکوژێت تەنیا بەدانی خوێن‌بایی یان بەپێی بڕیاری دادگا بە ٣ هەتا ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا ئەدرێت.