ورمێ/فەرهەنگی کوردی ئیزنی بەشداری کردنی لە پیشانگە فەرهەنگی‌یەکاندا پێ نادرێت

21:26 - 21 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی نزیک بە ٢ مانگی رابردوودا چەندین پیشانگەی تایبەت بۆ فەرهەنگی نەتەوە جیاجیاکانی ئێران لە فەرهەنگ‌سەراکان بەڕێوەچووە، کە هیچ کام لەوانە ئیزنی بەشداری کردنی فەرهەنگی کوردیان پی نەدراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردودا چەندین پیشانگە لە شوێنەکانی وەک: زانکۆی تەربیەت بەدەنی لە شاری ورمێ، پارکی لالەی شارەکی غەرب (فەرهەنگسەرای ئیبنی سینا) و هەروەها لە شەقامی \"نەواب\" لە تاران بەڕێوەچوون، کە فەرهەنگی کوردی ئیزنی بەشداری کردنی نەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بەڕێوەبەرانی ئەو پیشانگەیانە، جگە لەوەی ئیزنی پیشاندانی فەرهەنگی کوردییان نەداوە، تەنانەت داواکاریی ئیجرای مۆسیقای کوردیشیان بۆ بەشی تەبلیغاتی ئەو پیشانگەیە رەت کردۆتەوە.

\"20466.jpg\"
رێگری کردن لە بەشدرایی فەرهەنگی کوردی لەو پیشانگەیانەد لە کاتێک دایە، کە تێکڕای فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکەی ئێران تێیدا بەشدارن و پیشانگەکانیش لەژێر دروشمی \"ناساندنی فەرهەنگ و تایبەتمەندی فەرهەنگیی نەتەوەکانی ئێران\" بەڕێوە دەچێت.

چالاکانی فەرهەنگیی کورد، رێگری کردن لە بەشداری کردنی فەرهەنگی کوردی لەو پیشانگەیانەدا، بە پیلان و شەڕێکی فەرهەنگی بە دژی فەرهەنگی کوردی لە قەڵەمی ئەدەن.

ئەو چالاکانە لەو باوەڕەشدان، بەڕێوەبەرانی ئەو پیشانگە فەرهەنگییانە، هەموویان کەسانی ئەمنیەتی و سەربە ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانن و هەر بۆیەش بە شێوەی سیستماتیک نکۆڵی لە فەرهەنگی کوردی دەکەن.