ورمێ/زیندانییەکی سیاسیی کورد بەرەوڕووی لێدان بوویەوەو خوێندکارێکیش بە زیندان مەحکووم کرا

22:17 - 27 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کورد رەوانەی ژووری تاکەکەسی کراو خوێندکارێکی کوردیش حوکمی زیندانی و بێبەری کران لە خوێندنی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی، رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ ئەحمەد تەموویی یەکێک لە زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ورمێ لەلایەن دەفتەری حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانی ورمێ‌وە بانگهێشت کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، بەهۆی ئەوەیکە خۆی لە چوون بۆ دەفتەری حیفازەت ئیتلاعاتی زیندان بوارد، بۆ ژووری تاکەکەسیی نێو زیندانی ورمێ راگوێزرا.

\"21587.jpg\"
ئەحمەد تەموویی،زیندانیی سیاسیی کورد
سەرچاوەیەک لە زیندانی ورمێ، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعات لە بەندی ١٢ی زیندان، ئەحمەد تەمووییان داوەتە بەر لێدان.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەحمەد تەموویی، کە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوە، بە رادەیەک لێی دراوە، کە زۆربەی ئاندامانی لەشی رەش هەڵگراون.

لەلایەکی دیکەوە، خوێندکارێکی کوردی خەڵکی ورمێ، کە ماوەیەک پێش ئیستا بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی پەیجێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەستبەسەر کرابوو، حوکمی ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و ماوەی یەک تێرم (٦ مانگ) بێبەری بوون لە خوێندنی بۆ بڕایەوە.

ئەمیر شێرزاد، ئەو خوێندکارە کوردەیە، کە لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە تۆمەتی بەریوەبردنی پەیجی \"کوردەکان نەتەوەیەکن، نەک کەمینەیەک\"ی دراوەتە پاڵ.

ئەو خوێندکارە کوردە، سەرەڕای ئەویەکە لە دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو تۆمەتانەی رەت کردۆتەوە، لەلایەن دادگاوە ئەو حوکمەی بۆ براوەتەوە.