ورمێ؛ ژنێکی لاو ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، ژنێکی لاو بە ناوی "زارا سابیری"، کچی "سوڵتان"، خەڵکی گوندی "قونی" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەو هاووڵاتییە پاش خۆسووتاندنی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "خومەینیـ"ـی ورمێ کرا، بەڵام بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان، زارا سابیری بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە خۆی کوشتووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەز هاووڵاتییەک بە ناوی "کوبار سەحەت" کچی "خەلیل" و دانیشتووی گوندی "گردوان" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەز، کچێکی لاو بە ناوی "ژاڵە سەحراپەیما"، کچی سەعدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی "زێوە" سەر بە ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی ورمێ، بە هۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ، گیانی لەدەست دا.