ورمێ؛ ٩ هاووڵاتیی کورد بە سزای نەختی مەحکووم کران

12:48 - 20 گەلاوێژ 2722

بەهمەن یووسف‌زادە، فەریدوون مووساپوور، فەرهاد مووساپوور، سۆران حوسێن‌زادە، ئیمان عەبدی، سیروان نووری، ئەفشین مام ئەحمەدی، سیاوەش عەینی و کەیوان  ئەندار، لە دەسبەسەرکراوەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود ڕەجەبی" هەر کامەیان بە دانی بڕی ٦ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کران.

ئەو ٩ هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان " لە لایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، دادگایی کرابوون.

ئەو ٩ هاووڵاتییە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" هەر کامەیان بە دانی بڕی ٦ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم و لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراویان لە "ئەندامیەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، بێتاوان ناسران.

بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ، لە ڕێگای سامانەی سەنا بەو هاووڵاتییانە گەیشتبوو، هاتووە کە دەبێت لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داهاتوودا، خۆیان بۆ دانی ئەو بڕە پارەیە، لە لقی ٩ی جێبەجێکردنی سزای کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ، بناسێنن.

بەهمەن یووسف‌زادە، فەریدوون و فەرهاد مووساپوور خەڵکی شاری ڕەبەتی سەردەشت، سۆران حوسێن‌زادە، ئیمان عەبدی، سیروان نووری، ئەفشێن مام ئەحمەدی، سیاوەش عەینی و کەیوان ئەندار خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩ هەتا ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، لە ورمێ کرابوون.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٩، ئەو ٩ کەسە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون و مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان، ئازاد کرابوون.