ورمێ؛ دوو هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

11:00 - 26 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەمین ئێرانی‌زادە" کوڕی ناسر خەڵکی گوندی "قاسملوو" و شێرزاد شەوقی قاسملوو" کوڕی خالید خەڵکی گوندی "مام برایم" سەر بە شاری ورمێ، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە زیندان مەحکووم کران.

دادگای ئینقلابی ورمێ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە "تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار و بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، ئەمین ئێرانی‌زادە بە ٢ ساڵ و شش مانگ زیندان و شێرزاد شەوقی قاسملوو بە سێ ساڵ زیندان، مەحکووم کراون.

ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانان، ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ بۆ زیندانی شنۆ، ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەمین ئێرانی‌زادە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، شێرزاد شەوقی قاسملوو، دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر بێبەری کرابوون.

وێنە: شێرزاد شەوقی قاسملوو و ئەمین ئێرانی‌زادە