ورمێ: بەرپرسانی قەزایی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسی کوردیان پشتڕاست کردەوە

22:06 - 23 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: محەممەد عەبدوڵڵاهی بە تاوانی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە دەسەڵاترین کەسی دەزگای قەزایی لە شاری ورمێ، دووپاتی کردەوە کە ئێعدام کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە هۆی تاوانی \"محاربە\"ەوە بووە.

بە وتەی بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ؛ محەممەد عەبدوڵڵاهی ئەندامی سازمانی \"کۆمڵە\"ی ئێران بووە.

حەیدەری لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"میزان\"، لە دەستەواژی \"ضد انقلاب و معاند\" کەڵکی وەرگرت کە لە ئەدبیاتی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ئاماژەیە بەو حیزبە و لایەنانەی کە دژبەری دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێرانن.

دووپات کردنەوەی \"تاوانی ئەمنیەتی\" و \"جێبەجی کردنی حوکمی ئێعدام\" لەلایەن تەوەکول حەیدەری لە کاتێکدایە، کە ماوەیەک پێش، عەلی جەلیلی، بەڕێوەبەری گشتیی زیندانەکانی پارێزگای ورمێ، ئێعدام کردنی زیندانییەکی سیاسیی کوردی لە شاری ورمێ ڕەت کردبووە.

ڕۆژی سی شەممە ١٩ی گەلاوێژ، محەممەد عەبدوڵڵاهی، چالاکی سیاسی کورد کە لە مانگی ڕەشەممەی ٨٩ دەستبەسەر و خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی حوکمی ئێعدامەکەیان پێڕاگەیاندبوو، لە زیندانی ناوەندەی ورمێ ئێعدام کرا.

بەپێی ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکان، محەممەد عەبدوڵڵاهی لە کاتی گواستنەوەی‌ لە ژووری تاکەکەسیی ژمارەی ٦ەوە، هەتا شوێنی ئێعدام کرانەکەی، سروودی شۆڕشگیرانەی وتووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو زیندانییە کوردە ، لانیکەم چوار زیندانی دیکەش بە تاوانی پەیوەندییدار بە مادەی هوشبەر لە سێدارە دران.