وردەکاریی \"کوژرانی\" شەیدا حاتەمی لە زاری نزیکان و کەسووکارییەوە

16:03 - 17 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دۆستان و کەسووکاری کچە خوێندکاری کورد لە زانکۆی نازلووی ورمێ، هەتا ئێستاش پیێاگریی لە سەر کوژرانی بە ئەنقەستی شەیدا حاتەمی دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی حەفتەیک بەسەر مەرگی گوماناویی شەیدا حاتەمی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاری کارناسیی باڵا و خوێندکاری رشتەی \"زەوی ناسی\"ی زانکۆی نازلووی ورمێ، بنەماڵە و کەسووکاری ئەو کچە خوێندکارە کوردە لەو باوەڕەدان کە شەیدا بە ئەنقەست کوژراوە.

لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی شەیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: لە یەکەم رۆژی ئەو رووداوەدا، مەئمووران و پۆلیسی ئاگایی شاری ورمێ لە ساردخانەی ئەو شارەدا وێنەیان لە خوێندکاران گرت و هەر لەوێش لێکۆڵینەوەیان لە خوێندکاران کرد، بەڵام رۆژی دواتر لە کاتێکدا خوێندکاران کۆببوونەوە و باسیان لە مەرگی شەیدا حاتەمی دەکرد، لەلایەن بەرپرسانی خەوتنگەی زانکۆوە بڵاوەیان پێکرا.

\"18658.jpg\"
بە وتەی ئەو خوێندکارە کوردەی زانکۆی نازلووی ورمێ، \" بە ئەگەری زۆر، ئەو کەسەی کە یەکەم‌جار تەرمی شەیدا حاتەمی لە نهۆمی چوارەمی خەوتنگەوە بۆ دەرمانگەی زانکۆ راگواستووە، هەمان بکوژەکەی شەیدا بێت\".

یەکێکی دیکە لە هاوپۆلەکانی شەیدا حاتەمی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە مەرگی شەیدا حاتەمی گوتی: شەیدا لە خەوتنگەدا لە سەر تەختی هیچ‌کام لە خوێدکارانی دیکە دانەدەنیشت، بەڵام رۆژی رووداوەکە تەرمی شەیدا لەسەر تەختێکی دیکە بووە، کە بە دەم و چاوی شین هەڵگەڕواوەوە، لەسەر تەختێکی دیکە بە دەمەوە کەوتبوو\".

ئەو خوێندکارە لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێری کوردپاردا کە چ شتێکی گوماناوی لە تەنیشت تەرمی شەیدا حاتەمی‌دا دۆزراوەتەوە؛ رایەگەیاند؛ \" شریتێکی زەرد کە زۆرتر بۆ پێچانەوەی کارتۆنی شیرینی کەلکی لێ وەردەگرن، لەسەر ملی شەیدا بووە و بە تەختی خەوەکەوە گرێ درابوو، کە دواتر پۆلیسی جەنایی رایگەیاندبوو ئەو شریتە زەردانە رووبانی نایلۆنی بوون.

هەروەها بە وتەی بنەماڵەی حاتەمی، بە پێچەوانەی وتەی میدیا حکوومەتییەکان کە بلاویان کردبوویەوە؛ شەیدا لە نەخۆشخانە و دەرمانگەی زانکۆدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام شەیدا لە نێو خەتنگەدا گیانی لەدەست دابوو.

یەکێکی دیکە لە کچە هاوڕێکانی شەیدا بەیانیی رۆژی رووداوەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: شەوی پیش رووداوەکە بە یەکەوە نەقاشیمان دەکێشایەوە و شەیدا هیچ کێشەیەکی نەبوو. رۆژی دواتر ئێمە چووینە سەر پۆل، بەڵام شەیدا لە خەوتنگە مایەوە و گوتی کە دەچێتە حەمام و بۆ نیمەڕۆش ماکاڕۆنی دروست دەکات، کە نیمەڕۆش گەڕاینەوە لەگەڵ تەرمی شەیدا بەرەوڕوو بووینەوە.

وتەی هاوڕێ و نزیکانی شەیدا حاتەمی لە کاتێک دایە، کە پزیشکی دادوەریی لە سەرەتادا رایگەیاندبوو کە ئەو کچە خوێندکارە بەر لە مردن بە توندی بەرەوڕووی لیدان بۆتەوە و دواتر زانکۆی ورمێ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەڕەشەی کردبوو، کە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵێک لەمەڕ ئەگەر گیان لەدەست دانی ئەو کچە خوێندکارە \"بەدواداچوونی یاسایی\" بۆ دەکرێت.

\"18655.jpg\"
عابید فەتاحی، نوێنەری کوردی خەلکی شاری ورمێ لە مەجلیس
هەروەها عابید فەتاحی نوێنەری کوردی خەلکی شاری ورمێ لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە بەرپرسیارەتیی بەدواداچوون بۆ مەرگی شەیدا حاتەمی، دژکردەوەی بنەماڵە و نزیکانی ئەو کچە خوێندکارەی لێکەوتەوە ویەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی شەیدا حاتەمی لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هیچ پێویست ناکا ئاغای فەتاحی لەم پەیوەندییەدا هەڵوێست بگرێت و لەمە زیاتر خۆی بێ بایەخ نەکات، چونکە ئێمە هیچ گومانمان لەوە نییە کە شەیدا کوژراوە.

عابید فەتاحی لە لیدوانێکدا بۆ یەکێک لە میدیا ئازەرییەکان رایگەیاندبوو: \"نە دەڵێم کوژراوە و نە دەلێم خۆی کوشتووە، ئەمە تەنیا مردنیکی گوماناوییە\".

خوێندکارە کوردەکان بەتایبەت لە ورمێ و ماکۆ لەمەڕ مەرگی گوماناویی شەیدا حاتەمی هەوڵوێت و پەرچەکرداریان نواندووە و لەو باوەڕەدان شەیدا بە ئەنقەست کوژراوە و دەبێ ناوەندە حکوومەتییەکان بکوژانی ئەو کچە خوێندکارە بدۆزنەوە.

تەرمی شەیدا حاتەمی رۆژی ١١ی رەشەمە لە گوندی \"نوی\" زێدی خۆی لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە خاک سپێردرا.
\"18656.jpg\"

\"18657.jpg\"