كوردەكان لەدوای بەلووچەكان زۆرترین رێژەی نەخوێندەواریان هەیە

16:47 - 25 خەرمانان 2714
ئاژانسی كوردپا: لەسێ‌ئوستانی كوردستانی ئێران رێژەی كەسانی نەخوێندەوار لەبنەماڵەكاندا لەسنووری ٤٦٥ هەزار كەس تێپەڕیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئێران لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران دوایین ئامار و بارودۆخی خوێندەوار بوونی هاووڵاتییانیان لەشار و ئاواییەكان راگەیاند و لەو نێوەدا ٢٥٠ هەزار نەخوێندەوار لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا هەیە.

ئەو كەسە نەخوێندەوارانە بەشێوەی نێوەنجی تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ٤٩ ساڵ دایە.

جێگری سەواد ئامووزیی ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنا باسی لە رێژەی زۆری ژنانی نەخوێندەوار كردووە و وتوویەتی: زۆرترین رێژەی نەخوێندەواری ئوستان لە ئاواییەكاندایە و ١٤٨ هەزار و ٨٥٧ نەخوێندەوار لە گوندەكان بوونی هەیە.

محەمەد رەزا نەجەفی لەحاڵێكدا كە ئەو ئوستانەی بە دووەمین ئوستانی نەخوێندەوار لەئێران لە دوای سیستان و بەلووچێستان لەقەڵەم داوە، كە رێژەی نەخوێندەواری راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر گەشەی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە هەیە.

ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتی باس لەوە دەكات كە پێویستە دەوڵەت بەشێوەی بێ‌بەرامبەر پەرە بە خوێندن بدات و بەبێ‌بەرامبەر كلاس بۆ نەخوێندەواران دابنێن.

هاوكات لەگەڵ قسەكانی نەجەفی، هەواڵدەریی ئیسنا لەسنە لەزاری جێگری تەندروستی زانستی پزیشكیی ئوستانی كوردستانەوە بڵاوی كردۆتەوە، لە ئاواییەكی سەر بە سەوڵاوا ٨١ منداڵ لەخوێندن بەجێ‌ماون.

بیدارپوور، دژایەتی بنەماڵەكان، كێشەی ماڵیی و نەبوونی ئوگریی بۆ خوێندنی لەهۆكارە سەرەكیەیكانی بەجێمانی ئەو منداڵانە لەقەڵەم داوە.

ئەو لێپرسراوە ئوستانی كوردستانیشی لەپاش ئوستانی سیستان و بەلووچێستان بە دووەمین ئوستانی نەخوێندەوار ناساندووە.

لەحاڵی حازردا ١١١ هەزار ٩١٧ كەسی نەخوێندەوار لەئوستانی كوردستان دەسنیشان كراون، کە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ٤٩ ساڵ دایە.

رێژەی نەخوێندەواری لە كرماشانیش ١٠٥ هەزار كەس راگەیەندراوە و ئەو ژمارەیە لەئەنجامی بەدواداچوونی ١٤ ناوەندی سەواد ئامووزییەوە بەدەست هاتووە.

بەپێی بەرنامەی پێنجەمی پەرەپێدان، دەبێ‌نەخوێندەواری هەتا كۆتایی ساڵی ٩٤ لەنێو كەسانی كەمتر لە ٥٠ ساڵدا بنبڕ بكرێ‌و هەر لەئێستاوە دەوڵەتی روحانی بەربەستی وەكوو نەدانی مۆڵەتی كاركردن، مۆڵەتی شۆفیری و خزمەتگوزاری بانكی بۆ نەخوێندەواران پێكهێناوە.

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی نێهزەتی سەوادئامووزی ئێران، توانایی خوێندن و نووسین و ئەنجام دانی چواربنەمای سەرەكیی ریازیات، وەكووكەسێكی خوێندەوار ئەژمار دەكرێت.

ئێران بە پێی ئامارەكانی یونسكۆ، لەنێوان ١٦٤ وڵاتی جیهاندا پلەی ٨٦‌ی خوێندەواری هەیە.

یونسكۆ، رێكەوتی ٨‌ی سێپتامبێری وەكوو رۆژی جیهانی خوێندەواری دیاری كردووە.