كوردستان/ كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ شنگال لەگەڵ ئاستەنگی حكوومەتی بەرەوڕوو بۆتەوە

16:31 - 26 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: هاوكات لەگەڵ یارمەتییەكانی چالاكانی ئەدەبی ـ فەرهەنگیی كورد بە كەمپەینی پشتیوانی لە خەڵكی شنگال، ژمارە حیسابی ئەو كەمپەینە لەسەردەشت داخرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ رۆژنامەنووسانی دانیشتوی شاری سنە بە ئامادە بوونی خۆیان لەشوێنی كۆكردنەوەی یارمەتییەكان، پشتیوانی خۆیان لە لێقەوماوانی ئیزدەی دەربڕیوە و هەر ئەو یارمەتیانە لە شاری سەردەشت لەگەڵ ئاستەنگ بەرەوڕوو بۆتەوە.

\"21546.jpg\"
ئەو رۆژنامەنووسانە بەپێشكەش كردنی یارمەتیی بە بنكەكانی كۆكردنەوەی كەلوپەل بۆ كوردە ئیزەدییەكان، داواشیان لە میدیا گشتییەكان كردووە كە هاواری منداڵان و ژنانی بێ‌دیفاعی شنگال بە گوێ‌ی دونیا بگەیەنن.

ئەو كەمپەینە كەلە پەیجی فەیسبووكی خۆیان بڵاویان کردۆتەوە، ئەنجومەنی پشتیوانی لە تووشبوان بە شێرپەنجە لە ئوستانی كوردستانیش پەیوەست بە كەمپەینی ئاوارەكانی شنگال بوونە.

\"21545.jpg\"
لەلایەكی دیکەوە ژمارە حیسابی بانكی كەمپەینەكە لە سەردەشت لەسەر بڕیاری دەزگای قەزایی حكوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە داخراوە.

ئەو ژمارە حیسابە لەلایەن خەڵكی خێرخواز و چالاكانی مەدەنی سەردەشت و هەوەها ئەنجومەنی بەرگریی لە مافی بەركەوتوانی چەكی كیمیایی سەردەشت بە مەبەستی كۆكردنەوەی یارمەتی نەختی بۆ ئاوارەكانی شنگاڵ كرابوویەوە.

سەرچاوە ناوچەییەكان فەرمانداری سەردەشتیان بەدەست تێدا بوون لەو كارەدا تاونبار كردووە، بەڵام ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا راستی و دروستی ئەو هەواڵە پشتڕاست ناكاتەوە.

\"21547.jpg\"
لەشاری سەردەشتیش رێپێوانێكی هێمانە بە مەبەستی پشتیوانی لە كوردە ئیزەدییەكان بەڕێوە چووە.

ئەو رێپێوانە لەسەر بانگەوازی چالاكانی مەدەنی و بە بەشداری ژمارەیەكی بەرچاو لە چین و توێژەكانی سەردەشت رێكەوتی ٢٥‌ی گەلاوێژ بەڕێوە چووبوو.

بەشدار بوانی رێپێوانەكە كوشتاری خەڵكی بێ‌تاوانی شنگالیان مەحكووم كردبوو و هاوكاتیش پشتیوانی خۆیان لە هاووڵاتیانی كوردی ئیزەدی دەربڕیبوو.

لە شاری سەقزیش لە ماوەی ٣ رۆژدا نزیک بە ٥٠ ملوێن تمەن پارە و دەیان جۆر کەلوپەل و جۆرەکانی خواردن بۆ لێقەوماوانی شنگال کۆکراوەتەوە.

لەو پەیونەدییەدا پەیجی شارنیوز بڵاوی کردۆتەوە، لە کاتێکدا سەرقاڵی وێنەگرتنی یارمەتیدەرانی شاری سەقز بۆ لێقەوماوانی شنگال و رووماڵ کردنی هەواڵەکەی بوون، کامێراکەیان لەلایەن مەئموورانی ئەماکینی ئەو شارەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

\"21548.jpg\"
هەروەها لەئاوایی \"دزڵی\" سەر بە سەوڵاواش یارمەتی بۆ كوردە ئیزەدییەكان كۆ كراوەتەوە.

ئەو یارمەتیانە لەلایەن سێ‌هاووڵاتیی و بەهاوكاری ئەنجومەنی سەوزی چیاوە كۆ كراوەتەوە و لە ئەمڕۆ یەكشەممەشەوە شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی جلوبەرگ، بەتانی، كەوش، دەوا و دەرمان و خۆراك وەرێ‌خراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای وتووە: سەرەڕای دژایەتی و رێگرییەكانی فەرماندار و سپای سەوڵاوا بۆ كۆكۆدنەوەی یارمەتییەكان، هاووڵاتیان درێژەیان بە كۆكردنەوەی یارمەتیەیكان كردووە.