كوردستان/ ژن و پیاوێكی كورد خۆیان هەڵواسی

15:16 - 8 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: لە شارەكانی سەلاسی باوەجانی و كامیاران ژن و پیاوێكی كورد لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دیاردەی خۆكوژی لە ئێران و بەتایبەت لەكوردستان رۆژ لەگەڵ رۆژ لەپەرەسەندن دایە و بەپێی ئامارەكان رۆژانە ٥ هەتا ١٠ كەس لەئێران پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن.

لەدرێژەی دیاردەی خۆكوژییەكاندا رۆژی هەینی رێكەوتی ٦‌ی پووشپەڕ ژنێک بەناوی رێزان خەڵكی سەلاسی باوەجانی لەرێگەی خۆ هەڵواسینەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

رێزان هاوسەری \"س. میرزایی\" بووە و دەگوترێت بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە ئێوارەی رۆژی هەینی دەستی داوەتە خۆكوژی.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٥‌ی پووشپەڕیش هاووڵاتییەكی كامیارانی بەهۆی كێشەی بنەماڵەیی ـ كۆمەڵایەتیەوە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

سیرووس كویك كوڕی محەممەدئەمین خەڵكی ئاوایی \"دزەوەن\"‌، كە خێزانداریش بووە، لە رێگەی هەڵواسیوە هەوڵی خۆکوژیی داوەو بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی كۆمەڵناسان، چوونە سەرەوەی رێژەی خۆكوژی و پەرەسەندنی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان، دیاردەیەكی چەند لایەنە و فرە هۆكارە و پێویستی بە توێژینەوە و تێڕوانینكی ورد هەیە.

هەژاری، دابەش كردنی نادادپەروەرانەی سامان، بێكاریی، گۆڕانی بایەخەكان، جیاوازی چینایەتی لە هۆكارەكانی خۆكوژی و كوشتن لەئێران دێنە ئەژمار.

هەر لەو باریەوە توێژەرانی كۆمەڵایەتیی لەو باوەڕەدان كێشەی بنەماڵەیی وەكوو، ناكۆكی ئەندامانی بنەماڵە، شێوازی نادروستی هەڵسوكەوت و توندوتیژی دەتوانێ‌پەرە بە دیاردەی خۆكوشتن و كوشتن بدات.

خەسارناسی پسپۆڕ، توێژینەوە و چالاكیی ناوەندە كۆمەڵایەتییەكان، دانانی بەرنامە و رێكاری گونجاو و هەروەها بە یاسامەند كردنی بەرنامەكان ئەو رێگایانەن كە دەكرێ‌وەكوو كەمكردنەوەی خۆكوژی و كوشتن لەئێران كەڵكیان لێ‌وەبگیردرێت.

وڵاتی ئێران لەپێوەندیی كوشتن ‌و خۆكوژیدا دوای‌وڵاتانی چین ‌و هیندوستان، لەئاستی جیهاندا پلەی‌سێیەمی هەیە و بەپێی لێدوانی قادری توێژەری كۆمەڵایەتی (ئیسنا)، خۆكوژیی ژنان لەئێران بە بەراورد لەگەڵ پیاوان چەند دەرسەدێك جیاوازیان هەیە و ئەگەر بەو شێوەیە دیاردەی خوكوژی بەردەوام بێت رێژەی خۆكوژی ژنان پێش پیاوان دەكەوێت.