كوردستان/ لایەنگری لەمەكتەب قورئان، دەركرانی چوار مامۆستای كوردی لێكەوتەوە

15:51 - 1 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا چوار مامۆستای كوردی لەشارەكانی بۆكان و سەردەشت لەئیدارەی پەروەردە و بارهێنان دەركرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو ٤ مامۆستای كوردی سوننی مەزهەب بەتاوانی ئەندامەتی لەمەكتەب قورئان، لەئیدارەی پەروەردەی شارەكانی سەردەشت و بۆكان دەركراون.

شۆڕش مستەفازادە، ئیبراهیم رۆستەمی و فەرەیدوون عەلیپوور لە ئیدارەی پەروەردەی شارستانی سەردەشت لەسەر کار دەكراون.

\"20091.jpg\"
مامۆستایانی كوردی دەركراو
ئەو سێ‌مامۆستایە پێشینەی ٤ هەتا ١٢ ساڵ وانە وتنەوەیان لە قوتابخانەكانی كوردستاندا هەبووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ئەندامێكی دیكەی مەكتەب قورئان بەناوی محەممەد سەرایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەكانی شاری بۆكانەوە، رێگریی لەوانە وتنەوەی لە ناوەندی فێركاریی \"فەنی و حرفەی\"‌ی سوهێیل كراوە.

محەمەد سەرایی ئەندازیاری بیناسازیی و مێعماری بوو، کە پێشتریش بانگهێشتی ئیدارەی ئەماكینی هێزی ئینتزامیی كرابوو.

ئەو چوار هاووڵاتییە كوردە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە تاوانی ئەندامەتی لە مەكتەب قورئان و لایەنگری لە ئەحمەد موفتی‌زادە و بێ‌پێكهێنان و بەڕێوەچوونی دادگا، مەحكووم و لە وانە وتنەوەی بێبەری كراون.

پەیڕەوانی مەكتەب قورئان، كە پەیڕەوی لە قۆناغی سێیەمی رەوتی ئایینی بە پشت بەستن بە لێکدانەوەکانی ئەحمەد موفتی‌زادە لە کتێبە ئایینییەکانی ئیسلام چالاکی دەکەن، \"بانگهێشتن و رێنوێنی كردنی خەڵک بێ‌بانگەشەی سیاسی\" بە ئەركی سەر شانی خۆیان دەزانن.

ئەحمەد موفتی زادە ئیسلام‌ناس و پەیڕەوی مەزهەبی سوننی، ساڵی ١٣١١ لەسنە لەدایك بووە و ساڵی ١٣٥٦ مەكتەب قورئانی دامەزراند.

ئەو كەسایەتییە ئایینی‌یە ساڵی ١٣٦١ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای ١٠ ساڵ بەند كردن، مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٧١ كۆچی دوایی كرد.
\"20090.jpg\"