كوردستان، پارێزگای بێ‌ رۆژنامە/ بڵاو كراوە كوردییەكان تەنیا بەناو هەن

20:09 - 19 رەزبەر 2711
كوردپا: هەرچەند تەمەنی چالاكیی رۆژنامەوانی لە كوردستان خاوەن پێشینەیەكی درێژخایەنە و لەم بارەوە ئەزموونێكی شیاوی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ رەوشی رۆژنامەنووسی و بڵاڤۆكە كوردییەكان لەم پارێزگایە نالەبارە و كوردستانیش یەك لەو پارێزگایانەی ئێرانە كە بێ‌ رۆژنامەیە.
چالاكیی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی رۆژنامە و بڵاڤۆكی خۆجێی و ناوچەیی لە پارێزگای كوردستان لە رەوشێكی شپرزە و نەشیاو دایە و بەشێكی زۆری بڵاڤۆكە ناوچەییەكان تەنیا بەناو هەن و ساڵانێكە ئیدی چاپ و بڵاو ناكرێنەوە.
لە مەیدانی چاپ و بڵاو كردنەوەی رۆژنامە و گۆڤارە ناوچەییەكان هەتا ئێستا زۆر ئەزمونی بەنرخ لە ئاستی ئێران و وڵاتانی دیكەدا تۆمار كراوە و ئەمڕۆكە بڵاوكراوە خۆجێیەكان لە پرسی فەرهەنگ سازیی كۆمەڵگا و هەروەها لە رەخساندنی پێوەندیی نێوان بیاڤ و بوارە جۆراوجۆرەكان و بەتایبەت فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیدا ئەركی قورسیان لەسەر شانە.
قۆناغی كورت و درەوشاوەی بڵاوكراوە ناوچەییەكان لە كوردستان:
هەرچەند كە مێژووی بڵاكراوە كوردییەكان لە پارێزگای كوردستان بۆ زیاتر لە 100 ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام دەبێ‌ قۆناغی زێڕین و لووتكەی چالاكیی بەرینی رۆژنامەوانی لەم پارێزگایە بگەڕێنینەوە بۆ ساڵانی كۆتایی دەیەی 70 و سەرەتای دەیەی 80ی زایینی كە تێیدا چەندین هەفتەنامە، دوو هەفتەنامە، گۆڤار و بڵاوكراوەی جۆراوجۆری دیكە هاتنە مەیدان و دەستیان بە وەشان كرد.
جیا لە پارێزگای كوردستان لە پارێزگاكانی ئیلام، كرماشان و ئازەربایجانی رۆژئاوا گۆڤار و بڵاوكراوەی كوردی هاتنە مەیدانی ئەزموونی رۆژنامەنووسیی كوردییەوە.
لە چوارچێوەی بزووتنەوەی خوێندكاریشدا كوردستان خاوەنی ئەزموونی رۆژنامەنوسییە، لە زانستگاكانی شارە كوردنشینەكان و چەندین زانستگای دیكەی ئێران لەلایەن خوێندكارانی كوردەوە شەپۆلێكی بەرین لە رۆژنامەنووسی بە دو زمانی كوردی و فارسی دەستی پێكرد كە زیاتر خۆی لە چوارچێوەی مانگنامە و كاتنامەدا دەبینییەوە.
لە ساڵانی كۆتایی دەیەی 70 كۆمەڵێك لە بڵاوكراوە كوردییەكان وەك حفتەنامەی ئاویەر، ئاوای كوردستان، بە هۆكاری سیاسی لەلایەن ئۆرگانە پێوەندیارەكانی حكوومەتەوە داخران، كۆمەڵێكی دیكەش بۆ ماوەی كاتی راگیران و هێندێكی دیكەشیان لەبەر بێ‌ توانایی ماڵی و ئابووری بۆ هەمیشە خرانە خانەی فەرامۆشییەوە و بەرەبەر ئەم رەوتە رووی لە لاواز بوون كرد.
زۆرێك لە رۆژنامەنووس و ستاڤی كارا و دەستەی نووسەرانی ئەو بڵاوكراوە و هەفتەنامانە رووبەڕووی گیران، حوكمی زیندان بوون و هێندێكیشیان لەبەر نەبوونی ئەمنیەتی گیانی وڵاتیان بەجێهێشت یان پیشەی رۆژنامەنووسییان وەلا نا و بەم چەشنە هەوری نائومێدی باڵی بەسەر فەزای رۆژنامەنووسی لە پارێزگای كوردستاندا كێشا.
دوای لاوازیی چەندین ساڵە لە كاری رۆژنامەنووسی لە كوردستان، لە دەیەی 80 بە وەرگرتنی ئیزنی چەندین حەفتەنامە و بڵاڤۆكی دیكە، رۆژنامەنووسانی ئەم دەڤەرە ویستیان تەكانێكی دیكە بەم بوارە بدەن، بەڵام ئەو تەكان و گوڕە هیچكات نەیتوانی ببێتە هەوێنی وزەیەك هەتا جارێكی تر ئەو قۆناغە زێڕینە ببووژێتەوە.
لە كۆی ئەو هەموو حەفتەنامە، گۆڤار و بڵاو كراوانەی كەلە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا لە مەیدانی رۆژنامەنووسیی كوردی لە پارێزگای كوردستان و ئاستی زانستگاكاندا چالاك بوون دەتوانین ئاماژە بەمانە بكەین: حەفتەنامەكانی: ئاویەر، سیروان، ئاسۆ، كەرەفتوو، پەیام مەردووم، رۆژهەڵات، راسان، دیدگاە، هاوار، ندای گەڕووس.
گۆڤارە خوێندكارییەكان: برووسكە، نیشتمان، چرۆ، چیا، رۆژەڤ، بیاڤ، روانگە، ترووسكە، رۆاژا نۆ، سیروان، زیویە، رەوت، ژیوار و...
گۆڤارە ئەدەبی و فەرهەنگییەكان: ئاوێنە، زرێبار، تاڤگە، لاوێن، تەڵخا، هێما، هەژین.
دانی مۆڵەتی 10 بڵاڤۆكی كوردی بۆ پارێزگای كوردستان:
لە سەرەتای ساڵی 1390ساڵدا كوردستان بەناو خاوەنی 26 بڵاوكراوەی ناوچەیی بوو، كە لەو ئامارە تەنیا یەكیان كە حەفتەنامەی \"سیروان\"ە بە شێوەی رێكۆپێك چاپ و بڵاو دەكرایەوە و پێنج هەتا شەش بڵاڤۆكی دیكەش بە شێوەی پچڕپچڕ و ناوبەناو چاپ و بڵاو دەكرانەوە، هەتا ئەوەی كە دوو مانگ لەمەوبەر جێگری چاپەمەنیی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی ئێران لە رۆژێكدا هەواڵی دانی مۆڵەتی 10 بڵاوكراوەی تازە بۆ پارێزگای كوردستانی راگەیاند و لەناكاو ئاماری بڵاو كراوە ناوچەییەكان زیادی كرد، رووداوێك كە دوای سێ‌ مانگ هەر تەنیا بەناو هەن و لە كردەوەدا بوونیان نیە.
لە حاڵێكدا ئاماری بڵاوكراوە ناوچەیی و كوردییەكان لە پارێزگای كوردستان بە ژمارە گەیشتۆتە 34 بڵاو كراوە، كە ئێستا تەنیا پێنج بڵاو كراوە بە فەرمی بڵاو دەكرێنە، هەڵبەتە تەنیا یەكیان بە رێكوپێكی چاپ و بڵاو دەكرێتەوە كە هۆكارە سەرەكییەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە خاوەن ئیمتیازی \"سازمان همیاریهای كردستان\"ە و بە فەرمی لەلایەن پارێزگاوە چاوەدێری دەكرێ‌، خاڵێك كە بۆ زۆرێك لە رۆژنامەنووسان و چالاكانی بیاڤی رۆژنامەگەری لە كوردستاندا جێگای پرسیارە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ‌ كە هەر بڵاو كراوەیەك لە كوردستان لەلایەن دەزگا حكوومەتییەكانەوە پشتیوانی لێ‌ نەكرێت، تەمەنی زۆر ناخایەنێت و بەرەبەرە و ئەڕواتە ریزی بڵاو كراوە داخراوەكانی كوردستانەوە.
لە حاڵێكدا كە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی فەرمیی بواری فەرهەنگی لە كوردستان بەردەوام لە لێدوانەكانیاندا تەنیا ئاماری بڵاوكراوە ناوچەیی و كوردییەكان وەكوو دەسكەوتەكانی بیاڤی رۆژنامەنووسی رادەگەیەنن، كەلە پارێزگای كوردستان هیچ بڵاو كراوەیەك كە بە تەواوەتی بە زمانی كوردی بێت، چاپ و بڵاو ناكرێتەوە و كوردستان ئێستاش یەك لەو پارێزگایانەیە كە رۆژنامەی نیە، هەرچەند بە وتەی رۆژنامەنووسانی كورد زۆر لەمێژە بڕیاری دانی رۆژنامەیەك بۆ كوردستان پەسند كراوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەواڵیك لە بڵاوكردنەوەی لە گۆڕێدا نیە و ئەمەش تەنیا لە چوارچێوەی ناو و نیشاندا ماوەتەوە.
قوباد مەیمەنەت ئابادی بەرپرسی گشتیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پاریزگای كوردستان، لە وتووێژێك لەگەڵ هەواڵدەریی میهر لەم بارەوە رایگەیاندووە:\" دوو هۆكاری سەرەكیی لە گۆڕێ‌ دان بۆیە تەمەنی بڵاوكراوە ناوچەییەكمان كورتن، یەكیان دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی ماڵی و ئابووریی بەڕێوەبەران بڵاو كراوەكان و ئەوی دیكەشیان مەسەلەی سیاسییە و هەتاڕادەیەكیش كاریگەریی جیناحەكانی ناوخۆی حكوومەتی پێوە دیارە\".
مەیمەنەت ئابادی لە درێژەدا ئاماژەی بەوشە داوە، لە بەرەبەری هەڵبژاردنەكانی مەجلیسدا هەوڵدان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاوكراوە ناوچەیی و كوردییەكان زیاد دەكەن و ئەمەش بۆ گەرم كردنی فەزای تەبلیغاتی هەڵبژاردنە و دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكان ئەو هەوڵ و كەفوكوڵانە دادەمركێنەوە.