وتەبێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان دەستی لە کار کێشایەوە

15:21 - 1 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕایگەیاند ئەو ڕێکخراوە هەتا کاتێکی دیاری کراو وتەبیژیان نابێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ٣٠ی بەفرانبار، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ بیروڕای گشتی بڵاوی کردووەتەوە ڕایگەیاند: بە هۆی بەربەستەکان و گوشارە بەردەوامەکانی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەنیسبەت چالاکی ئەندامان و هاوکارانی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو بەیاننامەیدا، ئەو ناوەندی مافی مرۆڤە هەتا کاتێکی دیاری کراو بێ وتەبێژ دەبێت.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە: هەنوکە ڕوانگە، بیروبۆچوون، بەیاننامەکان و ڕاگەیەندراوەکانی ئەو ناوەندە لە ڕێگای\"ماڵپەڕی ئینسانیت\" ناوەندی زانیاری گەیاندنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و دەخرێتە بەردەم بیروڕای گشتی خەڵک.

سەرچاویەکی باوەرپێکراو لەو بارەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: بە هۆی گوشارهێنانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران بۆ وتەبێژی ئەو ڕێکخراوە، ئەو ناوندە مرۆییە ئەم بڕیارەی داوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: بۆ کەم کردنەوەی گوشاری هێزەکانی حکوومەتی بۆ سەر ئەو ناوەندە و وتەبێژەکەی، پاش ٨ ساڵ وتەبێژی، ئیجلال قەوامی لەو ئەرکەدا دەست لە کارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند و ئەو ڕێکخراوە هەتا ماوەیەک وتەبێژی نابێت.

لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا، ئیجلال قەوامی، ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ ئەرکی وتەبێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی لە ئەستۆ دا بووە.

ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند جارێک لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیی و قەزاییەکانی حکوومەتەوە بانگهێشت و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئیجلال قەوامی چالاکیی ڕۆژنامەوانیی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە دەست پێکردوە، و ئێستا بە یەکێک لە ڕۆژنامەوانە ناسراوەکانی کوردستان بەئەژمار دێت.