وان/ پارکێک ناوی فەریناز خوسرەوانی لەسەر دانرا

20:49 - 4 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: شارەوانیی یەکێک لە گەورەترین شارەکانی باکووری کوردستان، ناوی ئەو کچە گەنجە مەهابادییەی کە لە ڕووداوی \"هۆتێل تارا\"دا گیانی لەدەست دا، بۆ یەکێک لە پارکەکانی ئەو شارە دانا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاری وان لەمەو بەدوا خاونی پارکێک دەبێت کە ناوی فەریناز خوسرەوانی لەسەر دانراوە.

فەریناز خوسرەوانی ناوی ئەو کچە مەهابادییەیە کە بانەمەڕی ئەمساڵ، بە شێوەیەکی گوماناوی لە هۆتێل تارای ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

پارکی فەریناز خوسرەوانی لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری وان هەڵکەوتووە.

وان گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی تورکیەیە و یەکێک لە شارە گرینگ و مێژووییەکانی باکووری کوردستان بەئەژمار دێت.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ، کچێکی لاوی خەڵکی مەهاباد، بەناوی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\'، کە فەرمانبەری هۆتێلی تارای ئەو شارە بووە، بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە کە بڵاو کراونەتەوە، بۆ پاراستنی \'\'نامووس\'\' و پێشگیری لە دەستدرێژیی مەئموورێکی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات، لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتێلەوە خۆی خستووەتەوە خوارەوە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی ئەو کچە لاوە مەهابادییە، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی بە گشتی و شارۆمەندانی مەهابادیی بە تایبەتی، لە شار و شارۆچکەکان و لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدواوە بووە.

فەریناز خوسرەوانی تەمەن ٢٦ ساڵ، دانیشتووی شاری مەهاباد و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسی کامپیۆتێر بووە.