والی دروودی گەڕایەوە بۆ زیندانی یەزد

14:08 - 2 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: والی دروودی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران، کە بەدانانی بارمتە مەرەخەسیی پێدرابوو، گەڕایەوە بۆ زیندانی یەزد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢ی رێبەندان، والی دروودی خەڵکی گوندی چرۆسانەی کامیاران، کە بە زیندانی هەتا هەتایی حوکم دراوە، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندان.

والی دروودی، کە بە دانانی ٢٠٠ ملوین تمەن بارمتە، بۆ یەکەمجار ٨ رۆژ مەرەخەسیی پێدرابوو ، لە کاتی گەڕانەوەدا بەرەو زێدی خۆی، لەلایەن هاووڵاتییانی کوردی ناوچەی کامیارانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرابوو.

\"24323.jpg\"
والی دروودی خەڵکی گوندی چرۆسانەی کامیاران، کە بە زیندانی هەتا هەتایی حوکم دراوە، پاش تەواوبوونی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندان
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، کە هاوڕێ لەگەڵ عومەر ئیمامی، محەمەد مورادی و عەلی ساڵحی، رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە ناوچەی کامیاران دەستبەسەر کرابوو، سەرئەنجام رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ئەو ساڵە بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە زیندانی هەتا هەتایی حوکم درا.

پێشتر حاتەم جهانگیری بە کوردپای راگەیاندبوو، پاش ئەوەی والی دروودی لەلایەن دادگای شاری کرماشانەوە حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ برایەوە، لەسەر داوای خۆی لە هاوسەرەکەی جیابوویەوە.

دروودی، پاش دەستبەسەرکرانی لە ساڵی ٧٥ی هەتاویدا، ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی دیزڵئابادی کرماشان لە دەستبەسەریدا بووە و پاشان بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد دوور خرایەوە.

والی دروودی، کە لە ئێستادا ماوەی ١٨ ساڵ و ٨ مانگە لە زینداندایە، پێشتریش لە کۆتاییەکانی دەیەی شەستی هەتاوی و دەستپێکی دەیەی ٧٠ی هەتاویدا بۆ ماوەی ٣ ساڵ زیندانیی سیاسی بووە.

ئا: ئارام. ح