والی دروودی پاش ١٨ ساڵ زیندانی مەرەخەسیی پێدرا

18:56 - 25 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: والی دروودی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ناوچەی کامیاران، پاش ١٨ سال راگیران لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بە دانانی بارمتە مەرەخەسیی پێدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار، والی دروودی کە لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات، ماوەی ٨ رۆژ مەرەخەسیی وەرگرت.

والی دروودی لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا چەندین جار داوای مەرەخەسیی کردبوو، کە سەرەڕای رەزامەندیی بەرپرسانی زیندانی یەزد، ئیتلاعاتی کرماشان دژایەتیی لەگەل مەرەخەسیی ناوبراو کردبوو.

\"24217.jpg\"
والی دروودی پاش ١٨ ساڵ زیندانی، ٨ رۆژ مەرەخەسیی پێدرا
ئەو زیندانییە کوردە، کە هاوڕێ لەگەڵ سێ زیندانیی سیاسیی دیکە بەناوەکانی محەمەد مورادی، عومەر ئیمامی و عەلی ساڵحی، ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی دەستبەسەر کرا، لەو کاتەوە هەتا ئیستا ئەمە یەکەمین جارە کە مەرەخەسیی پێ ئەدرێت.

والی دروودی خەڵکی گوندی “چرۆسانە”ی سەربە شاری کامیاران، کە یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بووە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کراو دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.

کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، عومەر ئیمامی ، بە دانانی ٢٥٠ ملوین بارمتە، ٧ رۆژ مەرەخەسیی پێدرابوو.

دادگای ئینقلابی کرماشان \"عومەر ئیمامی و والی دروودی\"ی بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی نیزام\" بەزیندانی هەتاهەتایی و هەروەها \"عەلی ساڵحی و محەمەد مورادی\"، بە هەمان تاوان، بە ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە.