واشینگتۆن پۆست: كۆشكی سپی لە بەرانبەر تاقیكارییە مووشەكییەكانی ئێراندا كەمتەرخەمە

16:14 - 21 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی كوردپا: ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە وتارێكدا كە لە ژمارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئاوریلی خۆیدا بڵاوی كردۆتەوە، وێڕای ئاماژە بە تاقیكاریی ئەم دواییانەی مووشەكە دوورهاوێژەكانی ئێران نووسیی، تاران دەبێ باجی ئەو كردەوەیەی خۆی بدات.

بەپێی هەواڵی ئەلعەرەبیە، لەو سەروتارەدا هاتووە: \"هەڵسوكەوتی تاران لەمەڕ تاقیكردنەوەی مووشەكە بالیستیكەكانی خاوەنی توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ناوكی، كە لەگەڵ بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دژایەتیدایە، نابێ ببێتە هۆی سەرسووڕمانی زۆرێك لەو چاوەدێرە سیاسییانەی كە پێش‌بینییان كردبوو ڕێككەوتنی ناوكی دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دوژمنایەتیی تاران بەرانبەر بە ڕۆژئاوا یان دابەزینی ئاستی گوێنەدانی لە هەمبەر نۆرمە نێونەتەوەییەكان\".

لە سەروتاری ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆستدا كە بە ناوی \"دەستەی نووسەران\"ەوە بڵاو كراوەتەوە، هاتووە: \"كۆشكی سپی نیگەرانە لەوەی كە ئێران واز لە ڕێككەوتنە ناوكییەكە وەكوو میراتی سەركۆماریی ئۆباما بهێنێ، بۆیە هەوڵ دەدات لە هەر جۆرە تێكهەڵچوونێك لەگەڵ ئێران خۆ ببوێرێت\".

لە درێژەی سەروتارەكەدا هاتووە كە حكوومەتی ئۆباما لە مشتومڕێكدا لەگەڵ ڕووسیە خۆی بە دەستەوە دا و لە نامەیەكدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش لە جیاتی ئەوەی كە لە دەستەواژەی \"پێشێلكردنی بڕیارنامە\" كەڵك وەربگرێ كە ئەنجومەن ناچار بە نواندی پەرچەكردار دەكات، تاقیكارییە مووشەكییەكانی ئێرانی بە \"ناتەبا لەگەڵ بڕیارنامە\" پێناسە كردووە.

واشینگتۆن پۆست هەروەها وێڕای ئاماژە بە هەوڵەكانی حكوومەتی ئۆباما بۆ ئاسانكاری لە مامەڵە دۆلارییەكاندا لەگەڵ ئێران، نووسیویە: \"گەلۆ لە هەلومەرجێكدا كە ئێران دەست دەداتە تاقیكردنەوەی مووشەكەكانی خاوەنی توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ناوكی، ئەمریكاش دەتوانێ كومەڵێك هەنگاوی پێویست هەڵبگرێت كە بە ڕاشكاوی لە دەقی ڕێككەوتنی ناوكیدا بڕیارێكی ڕوونیان لە سەر نەدراوە؟\"