هەینیی بێ‌ئاگر لە ئیلام راگەیەندرا

20:51 - 21 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی شاخەوانانی ئیلام بۆ پاراستنی ژینگە و سرنجڕاکێشانی بەرپرسانی ناوەندە پەیوەندییدارەکان لە مەڕ ئاگرکەوتنەوە بەرینەکان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئیلام، بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی شاخەوانیی ئیلام بۆ پاراستنی ژینگە، کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی \"هەینیی بێ ئاگر\" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرێخست.

بەپێی بانگەوازی ئەم ئەنجومەنە، دارستانەکان پێویستییان بە سەرنجدانێکی تایبەت هەیە و هاوڵاتییانی بۆ هەینییەکی بێ ئاگر لە سروشت بانگهێشت کرد.

\"26938.jpg\"
ئەنجومەنی شاخەوانانی ئیلام لە بانگەوازەکەدا رایگەیاندووە: هیوادارین ئەو چالاکییە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتایی‌هاتنی ئاگرکردنەوە لە هەینەییەکانی دیکەشدا.

١٤ و ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، زیاتر لە ١٠٠ هەزار هیکتار لە دارستانەکانی زەنجیرەکێوی \"شەڵم\" سەر بە شاری ئیلام لە بڵێسەی ئاگردا سووتان.

ناوچەکانی\" ئەرغەوان\"، هانیوان\" و \"مل‌پنجو\"شوێنی ئاگرگەوتنەوەکە بوون و بە سەدان داری بەڕووی ئەو ناوچەیە بوونە خۆڵەمێش.

ئەو ئاگرکەوتنەوە بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە و بەشێک لە هێزە حکوومەتیەکان کونتڕۆڵ کرا، بەڵام بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ ئەو ئاگرکۆژاندنەوە، هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگر بە کەرەستەی سەرەتایی زۆر بە هێواشی بەڕێوچوو.